سەردێڕ:

شارەوانی سلێمانی ئامادەباشی بۆ شەپۆلێکی چڕی بارانبارین راگەیاند

PM:10:23:25/03/2026

656 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە رێگەی تیمی فریاگوزاریی خۆیەوە، ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی سنووری ماستەرپلانی شارەکە کرد سەبارەت بەو شەپۆلە بارانبارینەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ناوچەکە بگرێتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ـی ئازاری ٢٠٢٦، بەپێی راگەیەندراوێکی شارەوانی سلێمانی، کە پشت بە پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشوهەواو و بومەلەرزەزانی هەرێم بەستراوە، شەپۆلێکی چڕی بارانبارین هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی دەگرێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە هاوڵاتییان کراوە، لە پێناو سەلامەتییان و لە ئەگەری روودانی هەر دۆخێکی نەخوازراو یان دروستبوونی گرفت، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەنتەری فریاگوزاریی خێراوە بکەن.

شارەوانی سلێمانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە تیمەکانی فریاگوزاری و ئێشکگری شارەوانی لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا بەهانای هاوڵاتییانەوە بچن و هەر گرفتێک کە بەهۆی بارانبارینەوە دروست دەبێت، چارەسەری بکەن.

بەپێى هۆشدارییەکانى کەشناسى لە ماوەى رۆژانى چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینى، ئەگەرى بارینى ١٠٠ ملیمەتر باران هەیە لە سلێمانى.













گەلەری