سەردێڕ:

وتەبێژی کۆشکی سپی: ئەگەر رێکنەکەون، ترەمپ دۆزەخ بەسەر ئێران دەبارێنێت

PM:09:37:25/03/2026

584 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە قورسترین بۆردوومان لە مێژوودا ئەنجام بدات ئەگەر تاران مل بۆ رێککەوتن نەدات، جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای بەردەوامیی دانوستانەکان بە سەرپەرشتی جەی دی ڤانس، بەڵام ئارامیی واشنتن سنووردارە و پێویستە تاران دان بە شکستی سەربازیی خۆیدا بنێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ـی ئازاری ٢٠٢٦، کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرنجی خستە سەر دواین پەرەسەندنە سەربازییەکان و وتی، "ترەمپ هیچ گاڵتەیەکی نییە و ئامادەیە دۆزەخ لە ناوخۆی ئێران هەڵگیرسێنێت ئەگەر ئەوان نەگەنە رێککەوتن و پێویستە ئێران جارێکی دیکە تووشی هەڵەی لێکدانەوە نەبێتەوە، چونکە هەر جۆرە رووبەڕووی بۆردوومانی زۆر قورستریان دەکاتەوە."

وتیشی، پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامیی هەیە، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێک کە ئاماژە بەوەدەکەن تاران پێشنیازەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای رەتکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە ماوەی رابردوودا بە شێوەیەکی کارا و راستەوخۆ بەشداریی لە تەواوی ئەو گفتوگۆ و دانوستانانەدا کردووە کە تایبەت بوون بە دۆسیەی ئێران.

سەبارەت بە هەواڵەکانی پەیوەست بە شکستی دیپلۆماسی، کۆشکی سپی جارێکی دیکە دڵنیایی دایەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ تاران بەردەوامن.

لێڤت دەشڵێت، ئامانجی سەرەکیی واشنتن هەمیشە ئاشتی بووە و ترەمپ نایەوێت مەرگ و وێرانکاریی زیاتر ببینێت، بەڵام جەختی کردەوە کە پێویستە تاران دان بەو واقیعە نوێیەدا بنێت کە لە رووی سەربازییەوە بە تەواوی شکستی خواردووە. وتیشی، "ئێمە توانای ناوەکی و توانای هێرشبەریی ئێرانمان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان پەکخستووە. ئێستا دەبینین کە تاران بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت، چونکە درک بەوە دەکەن کە خەریکن وردوخاش دەکرێن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە دۆخی مەیدانیی ناو ئێران کرد و رایگەیاند، "توانای تاران بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە شێوەیەکی خێرا کەم دەبێتەوە. ئەگەر ئەوان ئامادە نەبن ئەم واقیعە قبووڵ بکەن، ترەمپ دڵنیایی دەدات کە گورزی وایان لێ بوەشێنرێت کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووبێت."













گەلەری