وتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، دۆخی گەرووی هورمز گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردا هاتووە و ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران، جەختیشی کردەوە کە تاران یاسا و رێسای نوێی بۆ هاتوچۆی دەریاوانی لەو گەرووە ستراتیژییەدا داناوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ـی ئازاری ٢٠٢٦، ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئیرادەی تاران سروشتی رووداوەکانی داهاتوو دیاری دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، یاساکانی تێپەڕبوون و دەریاوانی لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی
توند داڕێژراونەتەوە، بە جۆرێک کە تێپەڕبوونی هێزە ئەمریکییەکان و هەموو ئەو لایەنانەی
پەیوەندییان بەوانەوە هەیە قەدەغە کراوە.
زولفەقاری دەشڵێت، دۆخی گەرووی هورمز گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردا هاتووە و هەرگیز
ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، زولفەقاری هێرشی توندی کردە سەر سەرکردە سیاسییەکانی
لایەنی بەرامبەر و وتی، "ئەوان تووشی شۆکێکی مێشکیی سیاسی بوون، کە لە کۆتاییدا
ناچاریان دەکات مل بۆ ئەنجامەکانی جەنگ بدەن و لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن."