سەردێڕ:

قالیباف: لە نزیکەوە چاودێری جوڵە و جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دەکەین

PM:04:26:25/03/2026

608 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشداریی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، وڵاتەکەی بە وردی چاودێری هەموو جموجۆڵێکی سەربازی لە ناوچەکەدا دەکات.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ـی ئازاری ٢٠٢٦، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "تاران لە نزیکەوە چاودێری جوڵە و جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکات و بە وردی ئاگاداری هەر جموجۆڵێکی هێزە ئەمریکییەکانین و هەموو هەنگاوەکانیان لە ژێر چاودێریدایە."

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا بۆ سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەوەی جەنەڕاڵەکان تێکیانداوە، سەربازەکان ناتوانن چاکی بکەنەوە " ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ شکستی ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتانە لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قالیباف هۆشداری دا لەوەی سەربازانی وڵاتانی بیانی باجی سیاسەتەکانی ئیسرائیل دەدەن و گوتی: "سەربازەکان دەبنە قوربانی خەیاڵەکانی ناتانیاهۆ."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە توندی هۆشداریی دایە لایەنە نەیارەکانی و رایگەیاند، "ئیرادەی ئێمە بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەمان تاقی مەکەنەوە، چونکە ئێمە لە پاراستنی سەروەری وڵاتەکەماندا دوودڵ نابین."













گەلەری