٣٥ ساڵ لەمەوبەر خەڵکی کوردستان راپەڕینیان کرد بۆ ئەوەی حکومڕانییەکی دادپەروەرانە بێتە ئاراوە و لە خۆشگوزەرانی و ئازادییدا بژین و نەهامەتییەکانیان کۆتایی بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، دەسەڵاتی کوردی سەرقاڵی خۆدەوڵەمەندکردن و ململانێی یەکتر بوون و ژیان و گوزەرانی خەڵکیان لەبیر کرد.
لە ئێستادا و دوای ٣٥ ساڵ لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، خەمی گەورەی خەڵک نەبوونی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و سوتەمەنی و رێگەوبان و نەبوونی دادپەروەریی و گەندەڵیی و بەفیڕۆدانی داهاتی نەوتە.
رەنگە یەکێک لە
دەستکەوتە هەرە گەورەکانی دەسەڵات دوای ٣٥ ساڵ، سەپاندنی باجێکی بێشومار بێت لەسەر
خەڵک، کە هێندەی دیکە ژیانی خەڵکیان قورس کردوە.
بەشێکیش لە
رەخنەگران پێیان وایە ئەوانەی دوای راپەرین بوون بە دەسەڵاتدار، بەسەر خوانێکی
ئامادەدا کەوتن و هەر لە سەرەتاوە هیچ بەرنامەیەکی حکومداریی و ئیدارەدانی وڵاتیان
پێ نەبوو.
هەر بۆیە هەر
لەدوای راپەڕین لە ماوەیەکی کورتدا دەستیان بەسەر زۆربەی کەرەستەی کارگەکاندا گرت
کە بە ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان دادەنران و لەپێناو دەستکەوتی کەسیی و
حیزبیدا بە نرخێکی هەرزان بە وڵاتانی دراوسێیان فرۆشتن.
جگە لەوەش ئەو
رەخنەگرانە پێیانوایە دەسەڵاتدارانی هەرێم لە جیاتی ئەوەی بیر لە پێشکەشکردنی
نمونەیەکی سەرکەوتوو لە ئیدارەدانی وڵات بکەنەوە ماوەیەکی کورت دوای راپەڕین
جەنگێکی ناوخۆیان دەستپێکرد و بە هەزاران هاوڵاتی بوونە قوربانی.