سەردێڕ:

داهاتی ناوخۆ؛ گرفتە بەردەوامەکەی بەردەم پرسی ناردنی مووچە

PM:03:45:26/02/2026

1164 جار خوێندراوەتەوە

داهاتی ناوخۆ زیادیکردووە و حکومەتی ماوبەسەرچوو بەردەوامە لە درووستکردنی کێشە بۆ ناردنی مووچە و بەردەوام ناردنی ١٢٠ ملیارەکە دوادەخات تاوەکو کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم درووستببێت و هەموو ساڵێک چەند مووچەیەکیان دەفەوتێت.


حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەڵێت کە داهاتی ناوخۆیان ٣٥٠ ملیار دینارە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی داهاتی مانگی یەک و دوو ٧٠٠ ملیار دینارە و لەم بڕە پارەیە هەرێم تەنها ١٢٠ ملیار دیناری دەنێرێت بۆ حکومەتی بەغدا کە تا ئێستاش نەیناردووە.

بەپێێ زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، بەهۆی داهاتی کارەباوە مانگانە بڕی ١٠٠ – ١٥٠ ملیار دینار داهات زیاد دەکات.

حکومەتی ماوەبەسەرچوو چی لە داهاتی ناوخۆ دەکات؟

لەم ٧٠٠ ملیارە حکومەتی ماوەبەسەرچوو تەنها ١٢٠ ملیار دیناری رادەستی بەغدا دەکات، ٦٣٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دیارنییە، لە کاتێکدا حکومەت هەموو خزمەتگوزارییەکانی راگرتووە و هیچ پڕۆژە و خزمەتگوزارییەک جێبەجێناکات.

بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی ماوەبەسەرچوو، دەبێت هەرێم مانگانە ١٢٠ ملیار دینار بنێرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بەغداش مووچە بنێرێت، بەڵام تا ئێستاش حکومەتی ماوەبەسەرچوو ١٢٠ ملیارەکەی نەناردووە و هیچ روونکردنەوەیەکیشی نەداوە لەبارەی وادەی ناردنی.

ئەمساڵ لە عێراق کار بە یاسای کارگێڕی دارایی دەکرێت

لەبەر پێکنەهێنانی حکومەت لە عێراق ئەمساڵ یاسای بودجە کاری پێناکرێت و لە ئێستادا کار بە یاسای کارگێڕی دارایی (قانون الإدارة المالية) دەکرێت و حکومەتی عێراق داوای پشکی هەرێم دەکات و بەپێی ئەم یاسایە حکومەت دەتوانێت ١/١٢ـی بودجە خەرج بکات.

یاسای کارگێڕی دارایی چییە؟

یاسای کارگێڕی دارایی ئەو یاسایەیە کەحکومەتی عێراق جێبەجێی دەکات لە کاتی بەکارنەهێنانی یاسای بودجە کە دابەشکردن و چاودێریکردنی پارە و سەرچاوە داراییەکانی حکومەت یان دامەزراوەکان رێکدەخات.

کێ بەرپرسیار دەبێت لە جێبەجێکردنی؟

(وەزارەتی دارایی و ئابووری، دامەزراوەکانی چاودێریکردن، هەموو وەزارەت و فەرمانگە فەرمییەکان).

وتەبێژی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم وتی، داهاتی گومرگیی ٪٦٠ دابەزیوە و ئەوەش داهاتی ناوخۆی کەمکردووتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ درووستکردنی کێشە لەبەردەم موچە لێکدەدرێتەوە هاوکات وتیشی، پێویستە حکومەتی عێراق نەک تەنیا مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵکوو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ بە پێی رێژەی ٪١٤.١٤ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی ناڕەزایەتیەکانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی دایەوە سەبارەت بە کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتوانی هەرێم لە ٪١٤.١٤ـەوە بۆ ٪١٢.٦٨ و دیاریکردنی دانیشتوانی هەرێم بەو رێژەیە لەسەر داوای حکومەتی ماوەبەسەرچوو بووە و لەسەر داوای نوێنەرانی هەرێم، بڕیار درابوو ئەو کەسانەی لە هەرێم نیشتەجێن بەڵام شوێنی نیشتەجێبوونی پێشوویان پارێزگاکانی دیکەی عێراق بووە، لەسەر پارێزگا رەسەنەکانی خۆیان ئەژمار بکرێن.













گەلەری