سەردێڕ:

شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین ڕوودەکاتە هەرێم و خێرایی با زیاد دەکات

PM:11:59:09/02/2026

1284 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. دەشڵێت، "لە هەندێک لە ناوچەش خێرایی با بەرز دەبێتەوە بۆ سەروو ٥٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا".


ئەمشەو دووشەممە ٩ـی شوباتی ٢٠٢٦، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە، "رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی کاریگەری ئەو کەشوهەوا ناسەقامگیرەی ماوەی چەند رۆژێکە ڕوویکردووەتە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "سبەی سێشەممە لە زۆربەی ناوچه شاخاوییەکانی هەولێر، دهۆک، ئیدارەی راپەڕین، سۆران، سلێمانی و هەڵەبجە لە کاتەکانی پێش نیوەڕۆ بۆ ئێوارە ئاسمان لەم ناوچانە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ئەگەری بارانی مامناوەند بۆ بارانی بەخووڕ هەیە و ناو بەناو بە پچڕپچڕی بڕ و جۆری بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت."

وتیشی، "لە ناوچە دەشتاییەکانی هەولێر، کەرکووک و گەرمیان ئەگەری بارانبارینی لاواز هەیە و پێشبینی دەکرێت نمەباران ببارێت، بەڵام درەنگانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە گۆڕانکاری لە بڕ و جۆری باران لەم ناوچانە روودەدات و لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست لە درەنگانی شەو تا بەرەبەیان ئەگەری بارانی مامناوەند هەیە لە هەندێ کات ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکەی باراناوی هەیە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "سبەینێش خێرایی با له تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چالاک دەبێت و لە هەندێک لە ناوچە دەشتاییەکان خێرایی با لە سەرووی ٥٠ کیلۆمەترە لەکاتژمێرێکدا."

باسی لەوەشکردووە، "لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژی شەممەوە شەپۆلێکی دیکەی زۆرباشی بارانبارین بە هەورەبرووسکە و تەرزەی کورتخایەن سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."













گەلەری