سەردێڕ:

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی سلێمانی به‌دواداچوون بۆ سەرپێچییەکانی بناری گۆیژە ده‌كات

PM:10:56:09/02/2026

1116 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی داکۆكیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی رایگه‌یاند، لەسەر سەرپێچییەکانی بناری گۆیژە، دادگای لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی سلێمانی بەدواداچوونی دەستپێکرد.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٩ـی شوباتی ٢٠٢٦، ده‌سته‌ی داکۆكیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، لەسەر سەرپێچییەکانی بناری گۆیژە، دادگای لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی سلێمانی بەدواداچوونی دەستپێکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی لەدژی سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی ساڵانێکە لە بناری گوێژە ئەنجام دەدرێن کە پێچەوانەی هەردوو یاسای پاراستنی ژینگەو بەڕێوەبردنی ئاو و ماستەرپلانی سلێمانی و چەند فەرمان و بڕیارێکی بەرکارن، لە ٤ـی شوباتی ئەمساڵ نوێنەرانی دەستەی بەرگریکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لەدادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی سلێمانی ئامادەبوون بۆ وەرگرتنی وتەکانیان وەک هەواڵدەر، ئەویش پاش ئەوەی نوێنەرانی دەستەی ناوبراو لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردودا یاداشتێکیان دابوو بە لیژنەی داوای مافی گشتی لە فەرمانگەی داواكاری گشتی‌ سلیمانی بۆ هەمان مەبەستی ئاماژە پێکراو.

باسی لەوەشکردووە، دواجار دادوەری لێکۆڵینەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد کە گرنگترینیان ئەنجامدانی وردبینیکردنی سەرجەم ئەو بەڵگەنامانەن کە خراونەتەڕو و پەیوەندیدارن بە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەوە و بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا هەنگاوی تر لەو بارەیەوە بگیرێتەبەر.













گەلەری