سەردێڕ:

ئاگر لە پاڵاوگەی بێجی کەوتەوە؛ کرێکارێک گیانی لەدەستدا

PM:09:42:09/02/2026

284 جار خوێندراوەتەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق دەڵێت، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە پاڵاوگەی بێجی، کرێکارێک گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی تریش بەهۆی دووکەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون.


ئەمڕۆ دووشەممە ٩ـی شوباتی ٢٠٢٦، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئاگرەکە لە یەکەی باشترکردنی بەنزین لە پاڵاوگەی "سەلاحەدین ٢" لە بێجی کەوتووەتەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان ئاماژەی بەوەکرد، "تەرمی کرێکارێک بە سووتاوی دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە، هەروەها شەش بۆ هەشت کرێکاری دیکە بەهۆی دووکەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی بێجی."

لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری تەقینەوەی "کۆمپرێسەر"ی یەکەکە و هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانە ماددییەکان.













گەلەری