حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەڵێت، حکومەتی فیدڕاڵ بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستووەتەوە بە ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور و ئەوەش سزایەکی دارایی بەکۆمەڵە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٩ـی شوباتی ٢٠٢٦، فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بە بڕی ٨.٧ ترلیۆن دینار، ساڵانە بەشداری لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکانی عێراقی فیدڕاڵ دەکات، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە تا ٢٠٢٥ عێراق بە چەندین بەربەستی دارایی پشکی هەرێمی کوردستانی کەم کردووەتەوە.
بەپێی بڕگەی سێیەمی
مادەی ١٢١ لە دەستوری عێراقی فیدراڵ، دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پێداویستی
و رێژەی دانیشتووان دیاری بکرێت، بەڵام حکومەتی عێراق کار بەو مادە دەستورییە
ناکات.
ئەوەش هاتووە،
سەرەڕای بنیاتی دەستوری بۆ دیاریکردنی شایستە داراییەکان، حکومەتی عێراق میکانیزمی
"خەرجیی فعلی" پەیڕەو دەکات بۆ ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان، ئەمەش واتە
ئەگەر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق پارە خەرج نەکرێت، پشکی هەرێمیش بەو هۆیەوە
کەم دەکرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، "لە دۆسیەی قەرزە نێودەوڵەتی
و ناوخۆییەکاندا، ستەمێکی دارایی ئاشکرا بەرامبەر هەرێم دەکرێت، لە کاتێکدا هەرێمی
کوردستان پابەند کراوە بە دانەوەی ١.٦ ترلیۆن دینار ساڵانە وەک پشکی خۆی لە دانەوەی
قەرزە سیادییەکانی عێراق، بەڵام لە بەرامبەردا تەنها ٦٢.٤ ملیار دینار لەو قەرزانە
وەک پشک وەردەگرێت
".