وەزارەتی کارەبا جارێکی تر روونکردنەوەی سەبارەت بە زیادبوونی نرخی کارەبا بڵاوکردەوە و دەڵێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخەکانی کارەبا نەکراوە و دوایین پارەدانی پسووڵەکان رەنگدانەوەی خولێکی درێژترە کە بە تێکڕا ٤٦ رۆژە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٩ـی شوباتی ٢٠٢٦، وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، کە هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخەکانی کارەبای رووناکی نەکراوە و ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە کە باس لە بوونی کێشە لە ژێرخانی پێوەرە زیرەکەکان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم زستانە بارودۆخێکی جیاوازی هەبووە، بەوەی ئەمە یەکەم
زستانە زۆربەی هاوڵاتیان کارەبای بەردەوامیان هەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی
بەکارهێنان، هاوکات بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە مانگی یەکدا، خواست لەسەر
کارەبا بۆ گەرمکەرەوەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
وەزارەتی کارەبا روونکردنەوە لەسەر درێژیی ماوەی پسوولەکان دەدات و دەڵێت، "دوایین
پارەدانی پسووڵەکان رەنگدانەوەی خولێکی درێژترە کە بە تێکڕا ٤٦ رۆژە، ئەمەش بەهۆی
گواستنەوەی سیستەمەکانەوە بووە".
وەزارەت دڵنیایی دەدات، کە ئەمە تەنها یەکجارە و لە داهاتوودا خولەکان کورت
دەبنەوە، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە درێژیی ماوەکە کاریگەری لەسەر نرخی یەکەی کارەبا
نییە و تەنها کۆکردنەوەی رۆژەکانە.