PM:10:11:05/02/2026
1396 جار خوێندراوەتەوە
لەبارەی داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت، وەك بنەمایەكی نەگۆڕ پاڵپشتی لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی كاری رۆژنامەگەری دەكەین. دەشڵێت، بەردەوام دەبین لە چاودێریكردنی دۆخەكە و بەدواداچوونەكانمان چڕتر دەكەینەوە، تاوەكو راستییەكان بخەینەڕوو".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ـی شوباتی ٢٠٢٦، لە راگەیەندراوێکدا دەستەی مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئێمە وەك دەستەی مافی مرۆڤ، چەندین جار لە رابردوودا بەیاننامە و هەڵوێستی روونمان هەبووە وەك پاڵپشتی بۆ كەناڵی ئێن ئاڕ تی لەو شوێنانەی كە لەسەر حەق بوون و رووبەڕووی پێشێلكاری بوونەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەمیشە وەك بنەمایەكی نەگۆڕ
پاڵپشتی لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی كاری رۆژنامەگەری دەكەین لە چوارچێوەی یاسا
بەركارەكانی هەرێمی كوردستاندا، بە پێویستی دەزانین رایبگەیەنین كە ئەم ئازادییە
نابێت بە هیچ شێوەیەك تێكەڵ بە سوكایەتیكردن بە پیرۆزییە ئایینییەكان و رەمز و سیمبوڵە
نەتەوەییەكان بكرێت.
دەشڵێت، بەپێی بەدواداچوونی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی مافی مرۆڤ و لەسەر
راسپاردەی بەڕێز سەرۆكی دەستە، دیارە داخستنی كەناڵەكە لەسەر بنەمای نووسراوی
داواكاری گشتی و بە پاڵپشتیی بڕیاری ژمارە (٧)ی ساڵی ١٩٩٧ی پەرلەمانی كوردستان بووە،
كە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە بڕیاری داخستنی نووسینگەكانی كەناڵی ئێن
ئاڕ تی لە سەرجەم
پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دراوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ باسی لەوەشکرد، "ئێمە لە دەستەی مافی
مرۆڤ بەردەوام دەبین لە چاودێریكردنی دۆخەكە و بەدواداچوونەكانمان چڕتر دەكەینەوە،
تاوەكو راستییەكان وەك خۆی بۆ ڕای گشتی و خەڵكی كوردستان بخەینە ڕوو".