سەردێڕ:

سودانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی عێراقیان تاوتوێ کرد

PM:08:55:05/02/2026

476 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبوونەوە و لە لەکۆبوونەوەکەدا تیشکیان خستە سەر گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت لە رێگەی بەشداریپێکردنی کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی عیراقدا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ـی شوباتی ٢٠٢٦، نوسینگەی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لەگەڵ ژان نوێل بارۆی، وەزیری دەرەوەی فـەرەنـسـا کۆبووەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسایان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا سودانی داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن لە وەرگرتنەوەی زیندانییانی داعش، هەروەها جەختی لە پشتیوانی عێراق بۆ گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا کردەوە بۆ سەقامگیری ناوچەکە.

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ستایشی رۆڵی عیراقی کرد لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ بەردەوامیی هاوکارییە بەرگری و ئەمنییەکان لەگەڵ بەغدا.













گەلەری