گەنجێکی خەڵکی برادۆستە و لە شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا کوژرا، ئەمە چیرۆکی گەنجێکە کە بۆ کارکردن چووەتە هەولێر و دواتر لە روسیاوە کەسوکاری ئاگادارکردووەتەوە کە خەریکی راهێنانە و دەینێرن بۆ بەرەی پێشەوەی جەنگ.
گەنجەکە ناوی مەتین عبدالوەهاب خدر برادۆستییە و خەڵکی گوندی خراوان بوو لە برادۆست، مەتین ساڵی رابردوو لەبەر خراپی دۆخی داراییان لە ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٥، بۆ کارکردن چووە بۆ هەولێر و دواتر لە مانگی حەوتدا چووە بۆ پردێ بۆ کارکردن.
بەگوێرەی قسەی کەسوکارەکەی مەتین، دوای ماوەیەک کارکردن لە پردێ مەتین
پێی وتوون کۆمەڵێک کەسی عەرەبی ناسیوە و پێیان وتووە مانگانە دوو هەزار دۆلاری پێدەدەن.
چیرۆکەکە لێرەوە دەستپێدەکات، دوای مانگێک لە دوا پەیامی بۆ کەسوکاری،
مەتین لە رێگەی نامەیەکەوە کەسوکاری ئاگادارکردووەتەوە کە لە روسیایە و خەریکی
راهێنانی سەربازییە، وتووشیەتی دوای راهێنان دەینێرن بۆ بەرەی پێشەوەی جەنگی
ئۆکرانیا.
لەو رۆژەوە مەتین بێ دەنگ و بێ سۆراغبووە، کەسوکارەکەشی بە ئێن
ئاڕتیان وت، قائیمقامی سیدەکان و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران سەردانیان
کردوون و پێیان وتوون کورەکەتان شەهید بووە و نەماوە، دەشڵێن، باوەڕ بە هەواڵەکە ناکەن
تاکو تەرمەکەی نەبینین و نەگەڕێنرێتەوە.