PM:02:31:05/02/2026
708 جار خوێندراوەتەوە
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی پوختەی دەستکەوتە دارایی و کارگێڕییەکانی ساڵی ٢٠٢٥ـی بڵاوکردەوە و دەڵێت، داهاتییان دوو هێندە و زیاتری ساڵی ٢٠٢٤ بووە و ئاستی بەرهەمهێنانیش زیادیکردووە.
بەپێی ئامارەکان، لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ بە رێژەی ٪٦٦ بەراورد بە چارەکی سێیەمی ساڵ زیادیکردووە. بە کۆی گشتیی ساڵەکەش لە کۆی سێ کێڵگە بەرهەمهێنان بە رێژەی ٪٤٣ زیادیکردووە و گەیشتووەتە تێکڕای ١١٠ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل لە رۆژێکدا.
سەبارەت بە داهاتیش، داهاتی ساڵانەیان دوو هێندە زیادیکردووە و
گەیشتووەتە ملیارێک و ٤٧٤ ملیۆن دۆلار و قازانجی کارگێڕی ٥١٣ ملیۆن دۆلار بووە. هاوکات،
نەختینەی بەدەستهاتوو لە کارەکانەوە گەیشتووەتە ٩٢٩ ملیۆن دۆلار، کە زیاتر لە دوو
هێندەی ساڵی ٢٠٢٤ بووە.
بەپێی ئامارەکان، لە کۆتایی ٢٠٢٥ـدا، کۆمپانیاکە گەیشتە ریکۆردی
بەرهەمهێنانی ٥٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لە کوردستان کە دی ئێن ئۆ خاوەنی ٪٧٥ـی پشکەکان و جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە.