سەرۆكی حزبی تەقەدوم دەڵێت، هەرگیز سەردانی هەولێر ناكات و پێویستە ئەو تێڕوانە خۆبەلزانیەش بگاتە ئاستێكی واقیعی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ـی شوباتی ٢٠٢٦، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی دیجلە سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لە نێوەندگیری نێودەوڵەتی دەکەن تا سەردانی هەولێر بکات وتی، پێیانوتووە پارتی ناڕەزایی هەیە بەرامبەری بۆ ناچێت بۆ هەولێر تا ببێت بە سەرۆكی پەرلەمان، لە وەڵامدا وتوویەتی، نەك پەرلەمان ئەگەر لەسەر ژیانیشی بێت بۆ ئەوەی بچێتە ئەوێ، ئەوا ناچێت، تا ئێستاش هەمان هەڵوێستی هەیە.
وتیشی، هیچ كێشەیەكی لەگەڵ گەلی كورد نییە، بەڵام ئەم شێوازە لە
ماڵەكردنە و هەڵوێست وەرگرتنە پێویستی بەوەیە هەڵوێستی هەمان شێوە بەرامبەری بگیرێتەبەر،
بۆ ئەوەی بگەنە قەناعەت كە شێوازی مامەڵەكردنیان دروست نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەیەكی تر بودجەی فیدراڵی دێت، وەك چۆن دادگای
فیدراڵی بڕیاریداوە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كاربەڕێكەر بێت، بۆچی سەرۆك
وەزیرانی هەرێم كاربەڕێكەر نییە؟ لەكاتێكدا ماوەیەكی درێژە كاتەكەی تەواوبووە، پێویستە
ئەوەی بەسەر سەرەكیدا جێبەبەجێدەكرێت دەبێت بەسەر لاوەكیشیدا جێبەجێبكرێت.
باسی لەوەشکرد، وەك چۆن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوان كاربەڕێكەرە و
تەنها توانای خەرجكردنی مووچەی هەیە و ناتوانێت كەس لە پۆستی باڵا دابمەزرێنێت و
گرێبەست بكات و دەسەڵاتی ناردنی پرۆژە یاسای نییە، بۆچی لە هەرێم پیادەی هەمان
رێوشوێن ناكرێت، هەوڵی رێككردنەوەی ئەو دۆخە دەدەن.