سەردێڕ:

هەرێم کەی ١٢٠ ملیاری داهاتی نانەوتی مانگی یەک رادەستی بەغدا دەکات؟

AM:09:46:05/02/2026

2424 جار خوێندراوەتەوە

دوای چەند هەفتەیەک لە دواخستنی وابڕیارە ئەمڕۆ رێکارەکانی رادەستکردنی ١٢٠ ملیاری داهاتی نانەوتیی مانگی یەک دەستپێبکات کە بەغدا وەک مەرجی ناردنی مووچەی هەرێم دایناوە.


تا ئێستا حکومەتی ماوەبەسەرچوو ١٢٠ ملیارەکەی داهاتی ناوخۆی رادەستی بەغدا نەکردووە و بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ رێکارەکان دەستپێدەکات و دارایی هەرێم داوای لە لقی سلێمانی بانکی ناوەندی هەرێم کردووە کە بری ٤٨ ملیار دینار بگوازنەوە بۆ سەر هەژماری بانکی وەزارەت لە بانکی منارە، تاوەکو پشکی گەنجینەی فیدراڵی داهاتی ناوخۆی لێ تەواوبکرێت و رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێم باسی لەو دەکرد کە هیچ رێنماییەکیان لە بەغداوە بەدەست نەگەیشتووە لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی هەرێم.

بەرپرسێکی حکومەتی ماوەبەسەرچووش وتیی، دەبێت بەغدا واژۆ لەسەر خەرجکردنی مووچەی هەرێم بکات ئینجا ١٢٠ ملیارەکە رادەست دەکەن.

بەڵام پێشتر چاوگێک لە بەغدا بە ئێن ئاڕ تی وت، داوایان لە هەرێم کردووە ١٢٠ ملیارەکەی داهاتی ناوخۆ رادەستبکەن تاکو دەست بکەن بە خەرجکردنی مووچەی هەرێم.

رادەست نەکردنی داهاتی ناوخۆ بە بەغدا لەکاتێکدایە، حکومەتی ماوەبەسەرچوو داهاتی ناوخۆی مانگەکانی ١١ و ١٢ـی ساڵی رابردووشی رادەست نەکردووە بەوەش داهاتی ناوخۆی سێ مانگ نادیارە.













گەلەری