سەردێڕ:

بەڕێوەبەری نه‌خۆشخانه‌ی هیوا ئاماری تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجەی راگەیاند

PM:12:42:04/02/2026

968 جار خوێندراوەتەوە

له‌ رۆژی‌ جیهانی‌ شێرپه‌نجه‌دا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بۆ تووشبوانی شێرپەنجە رایگەیاند، تەنها لەمانگی رابردوودا ٢٧٥ حاڵەتی نەخۆشی شێرپەنجەیی لە نەخۆشخانەكە تۆماركراون. دەشڵێت، راستە ئامارەكان لە سلێمانی بەرزە، بەڵام یەك مانگ پێوەرنیە و لەكۆتایی ساڵدا بەرزونزمی دیاری دەكرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ـی شوباتی ٢٠٢٦، یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وتی، تەنها لە مانگی یەكی ئەمساڵدا ٤٧٨ كۆدی نوێ لە نەخۆشخانەی هیوا كراونەتەوە، كە ٢٧٥ حاڵەتی نەخۆشی شێرپەنجەیی بوونە و ئەوانەی دیكە نەخۆشییەكانی خوێن بونە كە لە نەخۆشخانەكە چارەسەریان بۆ ئەنجام دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئامار شتێكی یاساییە و لەڕووی زانستیەوە گرنگییەكەی گەورەی بۆ پزیشكان نیە، راستە ئامارەكان لە شاری سلێمانی بەرزە، بەڵام یەك مانگ پێوەر نیە و لەكۆتایی ساڵدا بەرزونزمی دیاری دەكرێت، هەروەها سەرجەم ئەو كەسانە لە نەخۆشخانەی هیوان خەڵكی پارێزگای سلێمانی نین، زیاتر لە ٢٠٪ ئەوانە خەڵكی پارێزگاكانی دیكە هەرێم و ناوچەكانی عێراقن.

باسی لەوەشكرد، بە هیوان وەزارەتی تەندروستی و ئەنجومەنی وەزیران بڕیار بدات لەسەر دروستكردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە لە سلێمانی، لە شوێن و بینایەكی گونجاودا. دەشڵێت، "هەنگاوی دووەم كردنەوەی سەنتەرێكی دەسنیشانكردنی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لە قۆناغەكانی سەرەتادا، نەك وەك ئەوەی ئێستا كە لە قۆناغەكانی كۆتایدایە".

شئەوە لەكاتێكدایە بەگوێرەی ئامارەكانی نەخۆشخانەی هیوا، تەنها لەساڵی رابردوودا پێنج هەزار و ١٢٧ نەخۆشی نوێ تۆماركراون، لەو ژمارەیەش سێ هەزارو ١٢٣ حاڵەتی شێرپەنجە بوون و ئەوەی دیكەش نەخۆشییە ناشێرپەنجەییەكانن كە هەر لەو نەخۆشخانەیە چارەسەر وەردەگرن، هەروەها لەو ژمارە تووشبووەش تەنها هەزار و ٤٤٨ حاڵی خەڵكی ناوەندی پارێزگای سلێمانی بووە، ئەوەی دیكە خەڵكی پارێزگاكانی دیكەی هەرێم و عێراقن.













گەلەری