سەردێڕ:

٨٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان تێپەڕی

AM:09:12:22/01/2026

852 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان یان کۆماری مەھابادە و ٨٠ ساڵ بەسەردامەزراندنیدا تێدەپەڕێت، لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنرا، و پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد.


کۆماری کوردستان لە سەدەی بیستدا و لە دوای کۆماری ئارارات لە باکووری کوردستان دامەزرا، لە ماوەی ١١ مانگی تەمەنیدا دەسکەوتی گەورەی لە چەندین بواری جیاوازدا هەبوو و زۆر شتی بەنرخی وەک ناوی پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان و سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیب بۆ نەوەکانی دواتر لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەجێهێشت.

٨٠ ساڵ لەمەوپێش و لە ٢٢ـی کانونی دووەمی ١٩٤٦ لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کورستان و بە ئامادەبوونی ٢٠ هەزار کەس لە نوێنەرانی سەرجەم چین و توێژەکان لە هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، پێشەوا قازی محەممەد، دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستانی راگەیاند.

قازی محەممەد، سەرۆکی بنەماڵەی قازی، بە سکرتێریی پارتەکە ھەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەممەد ناوچەکەیان بە لێھاتوویی و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ تا روخانی کۆمار بەڕێوەبرد.

لە کۆماری کوردستان قازی محەمەد وەک سەرۆک کۆمار دیاریکرابوو، کابینەکەشی لە سەرۆک وەزیران و ١٣ وەزیر پێکدەهات ، خاوەنی ئاڵا و سرودی نیشتیمانی و هێزی سەربازی خۆی بوو بەلام دراوی فەرمی نەبوو و لەوکاتەدا کاری بە دراوی ئێرانی دەکرد.

سەرچاوە مێژوویەکان باس لەوە دەکەن، کۆماری کوردستان خاوەنی ١٢ هەزار سەرباز بووە و بۆ یەکەم جار لە مێژووشدا لە کۆماری کوردستان وشەی پێشمەرگە بۆ هێزی سەربازیی کوردی بەکار هێنراوە.

پایتەختەکەی شاری مەھاباد بوو، کە ئەکەوێتە باکووری رۆژئاوای ئێران شارەکانی بۆکان و نەغەدە و میاندواو و شنۆ و پیرانشار و سەردەشت لەگەڵ چەند شارێکی دیکە کەوتبوونە چوارچێوەی کۆمارەکەوە، قازی محەمەد لە هەوڵی ئەوەشدابوو پارێزگاکانی سنە و کرماشان و ئیلام بخاتە ژێر دەسەڵاتی کۆمارەوە، بەڵام کورتی تەمەنی کۆمار رێگەی بەوە نەدا.

ئەو ململانێیەی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتدا ھەبوو کە جەنگی ساردی لێکەوتەوە، بەڵام خواستی لەمێژینە و ئاواتی گەلی کورد بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و وڵاتێک بەناوی کوردستان، هاوڵاتیانی کورد لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٤١، راپەڕینێکی مەزنی کرد و جڵەوی ناوچە کوردییەکانی لە دەستی میری ناوەندیی ئێران دەرھێنا.

ئەو ٢٠ هەزار نوێنەرەی خەڵکی کوردستان کە لەو رۆژەدا شاهێدبوون، لە راگەیاندراوێکدا کە دواتر لە ژمارەی ٨ـی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوکرایەوە، داوایان لە دەسەڵاتدارانی کۆمار کرد، لە هەموو ئەو شوێنانەی کوردی لێ دەژی سەربەخۆیی رابگەیەندرێت، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شوورا دەست پێبکرێت، حکومەتی نیشتمانیی کوردستان و وەزارەت و فەرمانگە پێویستەکان دابمەزرێن، هێزی چەکداری نیشتمانیی کوردستان پێک بێ، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی ساز بگرێت و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی ئازەربایجان پتەو بکرێت.

بەمشێوەیە ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگا حکومییەکانی سنووری دەسەڵاتی کۆمار هەڵدرا و بناغەی یەکەمین حوکمڕانیی مۆدێڕنی کوردی دامەزرا.

دامەزراندنی چاپخانە و رادیۆ بۆ ناوشاری مهاباد، دامەزراندنی سینەما، بەڕیوەچوونی شانۆنامە، هەروەها بڵاوبوونەوەی رۆژنامەی کوردستان کە دوو رۆژ جارێک بڵاودەکرایەوە و پێنج گۆڤار و یەک لەوانەش گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵان کە یەکەم گۆڤاری کوردی بۆ منداڵان بووە بڵاوکرایەوە، لە دەسکەوتە کولتووری و هونەرییەکانی ١١ مانگ دەسەڵاتداری کوردی لە کۆماری کوردستانن.

دەستپێکردنی پەروەردە لە قوتابخانەکان بە زمانی کوردی و بە فەرمی کردنی زمانی کوردی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت، دادگاکان و دامەزراوە ئایینییەکان و دامودەزگا سەربازییەکان یەکێک لە دەسکەوتە سەرەکییەکانی زمانی کوردییە. کۆمار لە بواری ئابوورییەوە پشتی بە سیستەمی باج لەسەر داهاتی هاوڵاتیان و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی دەبەست.

کۆماری کوردستان، ١١ مانگ دواتر بە هێرشی سوپای ئێران رووخێنرا و دامەزرێنەرانی لە سێدارە دران. ئەو کۆمارە ئەگەرچی تەمەنی نەگەیشتە ساڵێک، بەڵام زۆر شتی گەورەی وەک ناوی پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان و سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیبی بۆ نەوەکانی دواتری کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەجێهێشت.













گەلەری