سەردێڕ:

شەپۆلێکی بەفربارین سەنتەری شارەکان دەگرێتەوە

PM:07:58:10/01/2026

1676 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی، لەبارەی چەندین شەپۆلی بەهێزی باران و بەفر بارین لە ناوچەکانی هەرێم خستەڕوو و دەڵێت، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە شەپۆلێکی دیکەی باران و بەفر ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، کە بەراورد بە شەپۆلی رابردوو بەهێزتر و سەرما زیاتر دەبێت.


ئەمڕۆ شەممە ١٠ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، "لە دوێنێوە شەپۆلێکی باران و بەفر بارین تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی گرتووەتەوە و بارانێکی باش باریووە و هەموو ناوچەکان دیاردەی وشکەساڵیان تێپەڕاندووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی چەند کاتژمێری داهاتوو و پێش نیوەشەوی کاریگەری ئەم شەپۆلە نامێنێت و کەش سەقامگیری دەبێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە کەش بە سەقامگیری دەمێنێتەوە، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە شەپۆلێکی دیکەی باران و بەفر ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، کە بەراورد بە شەپۆلی رابردوو بەهێزتر و سەرما زیاتر دەبێت و بەفربارین تەواوی ناوچەشاخاوییەکان دەگرێتەوە، ئەگەریش هەیە رۆژی چوارشەممە بەفربارین سەنتەری شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین، کۆیە، سۆران و گەرمیان بگرێتەوە.

روونیشیکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان لەدوای ئەم شەپۆلە و دوای رۆژی پێنجشەممە ئەگەری هەیە بۆماوەی هەفتەیە کەشوهەوای ناوچەکە سەقامگیر بێت، بەڵام لە ٢٥ـی کانونی یەکەم بۆ پێنجی شوبات سەرمایەکی زۆر بەهێزتر ناوچەکانی هەرێم بگرێتەوە و ئەگەری بەفربارینش لە ناوچەکانی هەرێم هەیە، هەروەها مانگی دوو و سێ لەڕووی باران بارینەوە زۆر باش دەبێت و لەناوچەشاخاوییەکانیش بەفر بارین بەردەوام دەبێت.













گەلەری