سەردێڕ:

راگەیەندراوی حکومەتی ماوەبەسەرچوو لەبارەی مووچە

PM:04:39:15/10/2025

19704 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەڵێت، پابەندن بە رێککەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، "داوا له‌ حکومەتی عێراق دەکەین، وه‌زاره‌تی دارایی راسپێرێت به‌ خه‌رجكردنی مووچه‌ی هه‌رێم".


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، حکومەتی ماوەبەسەرچوو کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، رێککەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زۆر بە باشی بە بێ کەموکووڕی جێبەجێکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لە بازاڕی جیهانی لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ فرۆشراوە و داهاتەکەشی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.

پێشتر بەغدا بە هەرێمی وتبوو، مووچە دوای ٣٠ رۆژ لە رادەستکردنی نەوت و ناردنی ١٢٠ ملیار دینارەکە دەنێردرێت، بەڵام حکومەتی ماوەبەسەرچووش تاوەکو ئێستا ١٢٠ ملیارەکەی بۆ مانگەکانی هەشت و نۆ رادەستی بەغدا نەکردووە.

بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمەوە تاوەکو ئێستا مووچەی چوار مانگی کۆتایی ئەمساڵ چارەنووسی نادیارە، ئەوەی هەیە تەنها یەک مووچە پێدەچێت چارەنووسی یەکلاییی بووبێتەوە ئەویش مووچەی مانگی هەشتە، کە چاوەرێ دەکرێت لەگەڵ مووچەی مانگی ١٠ـی عێراق رەوانەی هەرێم بکرێت.

هەر لەسەر پرسی مووچە سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە سلێمانی وتی، قسەیان لەگەڵ سودانی و بەرپرسانی بەغدا کردووە و ئەوان پێیان وتوون ناردنی مووچە پەیوەستە بە بەردەوامی رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتیی هەرێم، بەڵام پارتی و یەکێتی تاوەکو ئێستا ١٢٠ ملیاری داهاتی نانەوتییان رادەست نەکردووەو ئامادە نین پرسی داهاتی نانەوتی یەکلایی بکەنەوە، دەشڵێت لە بەغدا پێیان وتووە دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم گرفت دروستدەکەن و پابەندی رێککەوتنەکان نابن.













گەلەری