سەردێڕ:

رێکخراوی داکۆک: داوا لە هاوڵاتیان دەکەین لەم هەڵبژاردنەدا هەردوو حزبی دەسەڵات دووربخەنەوە

PM:01:58:15/10/2025

536 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی داکۆک بۆ ماف و ئازادی دەڵێت، "دەمانەوێت گردبوونەوەیەکی ناڕەزای سازبکەین و داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین لەم سەروبەندی ئەم هەڵبژاردنەدا بیکەنە فرسەتێک بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی لە دەسەڵات دووربخەنەوە و بۆ جارێکیش بێت سزای خیانەتەکەنیان وەربگرن پێش دادگاییکردنیان"


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، رێکخراوی داکۆک بۆ ماف و ئازادی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "مێژووی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کە هەردوو حزبی پارتی و یەکێتی بەڕێوەی دەبات، لەگەڵ ئەو دوکانە سیاسیانەی تر کە بوونەتە کۆڵەکەی مانەوەی ئەو جووت حزبە، کە پڕە لە نەهامەتی و ناڕەحەتی بۆ خاک و خەڵک و نەتەوە بێچارە و دەربەدەرکراوەکەی".

دەشڵێت،" ئێمە دەمانەوێت لە رێگەیەکی مەدەنیەوە بتوانین ئەو خیانەتە شکۆشکێن و خاک هەڕاجکەرە وەک پەڵەیەکی رەشی ئابڕوبەر بکەینە ناسنامەیەکی سەرشۆڕی بۆ نێوچاوانی ئەو دوو حزبە خیانەتکارە".

لە  راگەیەندراوەکەدا ئەوە هاتووە " دەمانەوێت بەشداربین لە هۆشیارکردنەوەی نەوەی داهاتوو کە هیچ دەسەڵاتێکی تاکڕەوی خۆسەپێنی گەندەڵ نەتوانێ بە ئارەزووی خۆی چی بوێت و چ کاتێک حەزە گڵاوەکانیان ویستی، زوحاک ئاسا خوێنی هاوڵاتیان بڕێژێت و دانوستاندن لەسەر خاکی کوردستان بکات".

 ئەوەش هاتووە، رێکخراوی داکۆک هیوای هەڵچنیوە لەسەر نەوەیەک کە لە داهاتووی نزیکدا بتوانێت لێپرسینەوە لە هەموو ئەو بەناو بەرپرسانە بکات کە دەربەستی ژیان و ژینگە و سەلامەتی و ئازادی و خاک و خەڵکەکەی نییە، وە رۆحی بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو هێزە میلیشیاییانەی هەبێت کە لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ دا نیوەی خاکی کوردستانی داگیرکرد بە رێنمایی و رێکەوتن و کارئاسانی سەرکردەکانی کورد.

 دەشڵێت، هەر لێرەوە داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین لەم سەروبەندی هەڵبژاردنەدا بیکەنە فرسەتێک بۆ ئەوەی ئەو دوو حیزبە لەدەسەڵات دووربخەنەوە و بۆ جارێکیش بێت سزای خیانەتەکەنیان وەرگرن پێش دادگاییکردنیان، با هەموومان پێکەوە بەهیواوە کاربکەین بۆ گەڕانەوەی ٥١٪ خاکی فرۆشرا و داگیرکراوی باشووری کوردستان و ناساندنی بکەرانی خیانەتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر بە نەوەکانی داهاتوومان.













گەلەری