AM:11:46:15/10/2025
916 جار خوێندراوەتەوە
ئەوەی تاوەکو ئێستا لەسەر مووچە هەیە و هەواڵی راست و دروستە ئەوەیە کە بەغدا بە راشکاوی بە هەرێمی وتووە، مووچە دوای ٣٠ رۆژ لە رادەستکردنی نەوت و ناردنی ١٢٠ ملیار دینارەکە دەنێردرێت، حکومەتی ماوەبەسەرچووش تاوەکو ئێستا ١٢٠ ملیارەکەی بۆ مانگەکانی ٨ و ٩ رادەستی بەغدا نەکردووە، لەم بارەیەوە سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە سلێمانی جەختیکردەوە، ناردنی مووچە پەیوەستە بە بەردەوامی رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتیی هەرێم.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمەوە، تاوەکو ئێستا مووچەی چوار مانگی کۆتایی ئەمساڵ چارەنووسی نادیارە، ئەوەی هەیە تەنها یەک مووچە پێدەچێت چارەنوسی یەکلاییی بوبێتەوە ئەویش مووچەی مانگی هەشتە، کە چاوەرێ دەکرێت لەگەڵ مووچەی مانگی١٠ـی عێراق رەوانەی هەرێم بکرێت.
لەسەر پرسی موچەش
سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە سلێمانی وتی، قسەیان لەگەڵ سودانی و بەرپرسانی بەغدا
کردووە و ئەوان پێیان وتوون ناردنی مووچە پەیوەستە بە بەردەوامی رادەستکردنی نەوت
و داهاتی نانەوتیی هەرێم، بەڵام پارتی و یەکێتی تاوەکو ئێستا ١٢٠ ملیاری داهاتی
نانەوتییان رادەست نەکردووە و ئامادە نین پرسی داهاتی نانەوتی یەکلایی بکەنەوە،
دەشڵێت لە بەغدا پێیان وتوە دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم گرفت دروستدەکەن و
پابەندی رێککەوتنەکان نابن.
کورت و پوخت ئەوەی
هەیە ئەوەیە، تەنها مووچەی مانگی هەشت کە پێدەچێت چارەنووسی دیاربێت ئەوەش دوای ٣٠
رۆژ لە رادەستکردنی نەوت و ناردنی ١٢٠ ملیارەکە لەگەڵ مووچەی مانگی ١٠ـی بەغدا
خەرج دەکرێت.