AM:10:43:15/10/2025
576 جار خوێندراوەتەوە
لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا حکومەتی ماوەبەسەرچوو ١٢٠ ملیاری مانگەکانی ٨ و ٩ـی رادەست نەکردووە و لە کۆبوونەوەکانیدا هیچ بڕیارێکی لەسەر ئەو پرسە نەداوە تاوەکو مووچە خەرجبکرێت، بە گوێرەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، ئەمڕۆ حکومەتە ماوەبەسەرچووەکە لەبارەی پرسی مووچە کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ماوەبەسەرچوو بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجامدەدەن و پرسی مووچە یەکێکە لە تەوەرەکان.
باس لەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەشدا دەرئەنجامی
پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێم کە لە ماوەى پێشوودا ئەنجام درابوو،
لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە دەخرێتەڕوو، هەروەها بەدواداچوونیان بۆ
هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەى مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٥ باس دەکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا حکومەتی
ماوەبەسەرچوو ١٢٠ ملیاری مانگەکانی ٨ و ٩ـی رادەست نەکردووە و بەمەش چارەنووسی مووچەی
چوار مانگی کۆتایی ئەمساڵ نادیارە، لەگەڵ ئەمەشدا بەردەوامن لە کۆبوونەوە و هیچ
بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی ئەو پرسەوە نەدراوە.
هەروەها سروە
عەبدولواحید، سەرۆک لیستی نەوەی نوێ لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، " سودانی پێی
وتم مووچە دوای ٣٠ رۆژ لە رادەستکردنی نەوت و ناردنی ١٢٠ ملیارەکە دەنێردرێت"،
هەر بۆیە ناردنی مووچە پەیوەستە بە بەردەوامی رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتیی
هەرێم.