سەردێڕ:

تەندروستی عێراق: دەرمانی ناوخۆ هەمان سودی دەرمانی هاوردەکراوی هەیە و نرخەکەشی هەرزانترە

PM:06:35:03/05/2025

1512 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق گۆڕانکارییەکی گرنگی لە بواری بەرهەمهێنانی دەرمان لە دوای بەرهەمهێنانی چارەسەری شێرپەنجەی دەم و ددان دوپاتکردەوە و دەشڵێت، ئەو دەرمانەی لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێت هەمان کارایی تەکنیکی دەرمانی هاوردەکراوی هەیە و هەرزانترە.


ئەمڕۆ شەممە ٣ـی ئایارـی ٢٠٢٥، ئەحمەد فالح هندی، بەڕێوەبەری بەشی پیشەسازی نیشتمانی لە وەزارەت، بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، عێراق گۆڕانکارییەکی گرنگ لە بواری بەرهەمهێنانی دەرمانی تایبەتمەنددا بەدەستهێناوە، بە بەرهەمهێنانی چارەسەرێکی زارەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە سەختەکان.

وتیشی، ئەم دەستکەوتە لە ئەنجامی پابەندبوونی کارگە نیشتمانییەکانە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانی باش.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە دەرمانانە دەرئەنجامی کۆشش و بەدواداچوونی بەردەوامی وەزارەتی تەندروستی و ستافی تەکنیکی و پابەندبوونی توند بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی کارگە نیشتمانییەکان، کە بەشداربووە لە پەرەپێدانی چارەسەرێکی کاریگەر بۆ یەکێک لە مەترسیدارترین نەخۆشییەکان.

باسی لەوەشکرد، چارەسەرە نوێیەکە دەرمانێکی زارەکییە کە لە شێوەی حەب و کەپسول و کوپدا بەردەستە و دوای تۆمارکردن و پەسەندکردنی بەپێی ستانداردە دەرمانییەکان کاریگەری خۆی سەلماندووە.

دەشڵێت، چارەسەری ناوخۆیی هەمان کارایی تەکنیکی چارەسەری هاوردەکراوی هەیە، لەگەڵ جیاوازییەکی روون لە نرخدا، بەو پێیەی تێچووی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زۆر کەمترە، ئەمەش وایکردووە کە هەرزانتر و گونجاوتر بێت بۆ نەخۆشەکان.













گەلەری