سەردێڕ:

هەولێر؛ چەندین گۆزە و کەلوپەل دۆزرانەوە کە مێژووەکەیان بۆ ٦٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە

PM:03:38:23/06/2024

8764 جار خوێندراوەتەوە

لە دەشتی هەولێر چەندین گۆزەی شێوە جیاواز و قۆری و چەقۆ و کەلوپەلی دیکە دۆزرانەوە کە مێژووەکەیان بۆ شەش هەزار و ٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێریش دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە شارستانییەت و پەرسەندنی گوند لە کوردستانەوە دەستی پێکردووە.


لە گوندی باقرتەی سەر بە ناحیەی شەمامکی هەولێر، چەندین کەرستەی شوێنەواری دۆزرانەوە کە سەردەمی قۆناغی پەرەسەندنی گوند بەرەو شار و شارستانییەت رووندەکەنەوە و نادر بابەکر بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوری هەولێر دەڵێت، رەوتی شارستانییەت بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە هەرێم کۆنتر بووە لە ئێران و قۆناغی ئەو پەرەسەندنە لە هەرێمەوە سەری هەڵداوە.

لە لێکۆڵینەوەکەدا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر و زانكۆی براین ماوری ئەمریكییەوە ئەنجامدراوە، ٤٧ گۆزەی شێوە ئەندازەیی جیاواز و قۆری، هەروەها ٥٢ کەلوپەلی دیکەی وەک چەقۆ و 'تەخت بۆ وردکردن و شکاندنی خواردن' و ئامیری هاڕین و وردکردنی خواردن، هەروەها بەردی تایبەت بۆ ڕاوکردن و شەڕکردن دۆزراونەتەوە.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراوە، مێژووەکەیان بۆ شەش هەزار و ٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و سەرجەمیان لە بەرد هەڵکۆڵراون.

زانکۆی براین ماوری ئەمریکی لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوەوە مۆڵەتی کارکردنی لە پێگەی شوێنەواری مەتراب پێدراوە و ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت، ئەمەش ئەنجامەکانی وەرزی سێیەمی ئەو کنەوپشکنینانەن کە لەو ناوچەیەدا کراون.

لەو بارەیەوە، کەیفی مستەفا بەڕێوەبەری شوێنەواری هەرێم باسی لەوەکردووە، ئەنجامدانی ئەو لێکۆڵینەوانە و ئەو دۆزینەوانەی لە هەرێمدان، کاریگەریی لەسەر لێکۆڵینەوە جیهانییەکان دەکات و تێڕوانینێکی دیکە لەلای شوێنەوارناسان و زانستی شوێنەوار لە جیهاندا دروست دەکات.

دەشڵێت، لە دوای ئەو دۆزینەوانەی لەم دواییانەدا کراون، لە ئێستادا تیمە بیانییەکان زیاتر روو لە هەرێم دەکەن و لەماوەی رابردوودا مۆڵەت بە ٤٠ تیمی شوێنەواری دراوە بۆ کاری کنەوپشکنین.

مەتراب مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆتایی "چاخی مسی" واتە ٤٥٠٠ بەر لە زایین و بە چوار قۆناغ تاوەکو دەگاتە کۆتایی سەردەمی ئەشکانییەکان لە ساڵی ٢٢٤ی زایینیدا.

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر ئەوەی راگەیاندووە، ئەنجامدانی ئەو لێکۆڵینەوانە لەو ناوچەیەدا بە مەبەستی تێگەیشتنە لە گوندی بچوک، ئابووری سەردەمە جیاوازەکان بەتایبەت کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، هەروەها لێکۆڵینەوە لە سەردەمە کۆنەکان و جیاوازی نێوان کلتورەکان لەنێوان کۆمەڵگەی قۆناغە جیاوازەکانی ئەو پێگە شوێنەوارییانە.

پەرەسەندنی ژیانی مرۆڤ و شارستانییەت لە کوردستان

هەرێمی کوردستان لەمێژە لانکەی شارستانییەتە جیاوازەکان بووە و زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن، کە مێژووی پەرەسەندنی گوند بۆ شارستانییەت لەم خاکەوە سەری هەڵداوە و کۆنترین ئاماژەی کشتوکاڵیش هەر لە گوندی چەرمۆی سەر بە چەمچەماڵ بووە.

گۆبەکلیتەپە "خاڵی دەستپێکی مێژوو"

نموونەیەکی دیکەی مێژووی بوونی مرۆڤ و پەرەسەندنی لە کوردستاندا، شوێنەواری گۆبەکلیتەپەیە، کە بەهۆی ئەوەی مێژووییەکی ١٢ هەزار ساڵەی هەیە بە "خاڵی دەستپێکی مێژوو" ناسراوە، لەو رۆژەوەی ئەم شوێنەوارە دۆزراوەتەوە، تا ئێستا لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسیی تیادا ئەنجامدەدرێت و چەندین زانیاری و پارچە شوێنەواری گرنگی تیادا دۆزراونەتەوە.

گۆبەکلیتەپە؛ شوێنەوارێکی مێژووییە و چەند لێکۆڵینەوەیەکی جیهانی و فارسی هەن باس لەوە دەکەن، گۆبەکلیتەپە سەرەتای مێژووە، ئەو ناوچەیەی ئەو شوێنەوارەی دەکەوێتە ناو، دەکەوێتە باکووری کوردستان و ناوچەی ئەنادۆڵ، هەندێک توێژینەوەش باس لەوەدەکەن، کە ئەو شارە مێژووییە کوردەکان بونیادیان ناوە و چەند بەڵگەیەکی زمانەوانی و سیمبوڵیان خستووەتەڕوو لەسەر ئەو بابەتە.

بەرزاییەکانی ئەنادۆڵ تاکو ئێستا رێڕەوی نێوان ئەوروپا و وڵاتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و رۆژھەڵاتی دوورە، کە ئەمەش وایلێکردووە چەندین شارستانی ھەمەجۆر و چەندین نەتەوەی جیاواز ببینێت یان پێیدا تێپەڕبن، کە دیارترینیان لیدیەکان و ماددەکان و یۆنان و رۆمان بوون پاشان عەرەب چەند ناوچەیەکی فراوانیان لێ فەتح کرد. بوونی تورک لە ناوچەکە لە سەدەی دوانزەی زاینییەوە دەرکەوتووە، کاتێک ھۆزە تورکەکان لە ناوەڕاستی ئاسیا و ئێرانەوە رۆیشتن بەرەو ئەنادۆڵ و چەند شانشینێکی بچووکیان تێیدا دامەزراند و بوونیان جێگیر بوو لە ناوچەکە و لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عوسمانییەوە، بەم شێوەیە رەگەزی تورکی زۆربەی ناوچەکەی گرتووەتەوە لە ئێستادا.

شانەدەر- زێت

دۆزینەوەی ئەو گۆزە و کەلوپەلانەی دەشتی هەولێر لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵدا، تیمێک لە زانایانی زانکۆکانی کامبریدج و لیڤەرپوڵ توانیان وێنەی رووخساری ژنێکی ٤٠ ساڵەی نیاندەرتاڵ دروستبکەنەوە و بەپێی پێشبینییەکان نزیکەی ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێم ژیاوە. تیمەکە لەڕێگەی کۆکردنەوەی ٢٠٠ پارچە ئێسکەوە، توانیویانە کەللـەسەری ژنە نیاندەرتاڵەکە دروستبکەنەوە، کە ئەم پڕۆسەیەش نزیکەی نۆ مانگی خایاندووە. شارەزایانی شوێنەوارناسیش دەڵێن، ئەو جۆرە مرۆڤە لە ٤٠ هەزار ساڵەوە بوونی نەماوە.

لێکۆڵینەوەکان ودۆزینەوەکانی شانەدەر ئەوەیان دەرخستووە، مرۆڤی ئەو کاتە خێزانیان پێکهێناوە و مردوویان بە خاک سپاردووە و گوڵیان لەسەر گۆڕی مردووەکانیان داناوە.

لەبارەی شانەدەر زێت و نیاندەرتاڵەوە سۆران حەمەڕەش مێژوونووسی کورد نووسیویەتی، ئەمە یەکەم جار نییە شانەدەر ببێتە سەردێڕی جیهان لە پەیوەست بە نیەندەرتاڵدا. پێشتر لە ساڵی ١٩٧١ دا بە هەمان شێوە پەرتووکی The first flower people (یەکەم خەڵکانی گوڵ) دەرچوو، لەو پەرتووکەدا ئەوە راگەیەنرا کە نیاندەرتاڵ رۆحانی بوون و ژیانێکی سادە نەژیاون و مانای سمبوڵیان داوە بە شتەکان. بەشێکی ئەو تێگەیشتنەش لە رێگای ئەو گوڵانەوە هاتبووە کایەوە کە لەسەر تەرمەکان دۆزرابوونەوە. هەروەها کە هەندێکیان شکانی ئێسکی زۆر کاریگەر بە جەستەیانەوە بوو، سەرەڕای ئەوە چاکبووبوونەوە و دوای ئەوەش ژیابوون.

نەخشە هەڵکۆڵراوەکەی شاخی خۆشک - گەرمیان

هەر لە مانگی ئایاری ئەمساڵیشدا، وێنەی هەڵکۆڵڕاوی جەنگاوەرێک لەسەر شاخی خۆشکی گەرمیان دۆزرایەوە، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و وێنەی سەربازێک نیشاندەدات وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتن و قاچی لەسەر دیلێک داناوە، کە دووەم شوێنەواری هەڵکۆڵڕاوە لە کوردستاندا دۆزرابێتەوە.

کۆشکەکەی لۆلۆییەکان لە سلێمانی

لە کۆتایی هەمان مانگیشدا، سەرۆکى تیمێکی شوێنەوارناسى زانکۆی سلێمانی لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، کۆشکێکی دێرینیان لە نزیک چەمى سەرچنار دۆزیوەتەوە کە تەمەنی سێ هەزار و ٥٠٠ ساڵە. کۆشکەکە لەلایەن لۆلۆییەکانەوە دروست کراوە کە دێرنترین گەلی ناوچەی سلێمانین و پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەکەدا ژیاون.

لەبارەی ئەو شوێنەوارەشەوە دڵشاد زاموا سەرۆکى تیمى شوێنەوارى دێکۆن ئاماژەی بەوە کرد، لەو شوێنەدا نووسینی مێخی و دوو ناوی کوردی کۆنیش دۆزراونەتەوە کە (داسی و بانو) بوون.

لۆلۆییەکان کۆمەڵێک هۆز بوون کە هەزار ساڵ پێش لە دەرکەوتنی ماد لە ناوچەکانی زنجیرەچیای زاگرۆس و لەم ناوچەیەشدا بەشێکیان لە نێوان دوو رووباری دیجلە و فوڕات و بەشێکی دیکەیان لە دەشتی زەهاو و شارەزوور و دەوروبەری سلێمانیدا ژیاون.

ساڵی رابردووش، لە گردی کونارە لە سلێمانی، شوێنەوارێکی پێنج هەزار ساڵەی لۆلۆییەکان دۆزرایەوە، بە هەمان شێوەش لە نیسانی ٢٠١٩ـەدا و هەر لە گردی کونارە، شوێنەوارێکی دیکەی مێژوویی لۆلۆییەکان دۆزرایەوە.

هـ.ئـ













گەلەری