سەردێڕ:

روخساری ئەو ژنەی ٧٥ هەزار ساڵ لەمەوپێش کە لە ئەشکەوتی شانەدەردا نێژراوە دروستکرایەوە

PM:02:35:02/05/2024

3640 جار خوێندراوەتەوە

تیمێک لە زانایانی زانکۆکانی کامبریدج و لیڤەرپوڵ توانیان وێنەی روخساری ژنێکی ٤٠ ساڵەی نیاندەرتاڵ دروستبکەنەوە و بەپێی پێشبینییەکان نزیکەی ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێم ژیاوە.


تیمێک لە زانایانی زانکۆکانی کامبریدج و لیڤەرپوڵ پشکنینیان بۆ ئێسکەپەیکەری ژنێکی ٤٠ ساڵەی نیاندەرتاڵ کردووە کە ساڵی ٢٠١٨ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە پارێزگای هەولێر دۆزراوەتەوە و ناویان لێناوە شانەدەر زێت.

تیمەکە لەڕێگەی کۆکردنەوەی ٢٠٠ پارچە ئێسکەوە، توانیویانە کەللـەسەری ژنە نیاندەرتاڵەکە دروستبکەنەوە، کە ئەم پڕۆسەیەش نزیکەی نۆ مانگی خایاندووە. شارەزایانی شوێنەوارناسیش دەڵێن، ئەو جۆرە مرۆڤە لە ٤٠ هەزار ساڵەوە بوونی نەماوە.

بەپێی راپۆرتەکەی زاناکان لە کاتی دۆزینەوەی ئێسکەکەدا نەتوانراوە رەگەزەکەی دیاریبکرێت، چونکە تەنیا نیوەی سەرەوەی جەستەیان دۆزیوەتەوە ، بەڵام دوای پشکنینی ورد و بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ، لەڕێی پڕۆتینەکانی ناو مینای ددانەوە توانییان رەگەزەکەی دەستنیشان بکەن.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، لەڕێگەی پێوانی درێژی و تیرەی ئێسکی قۆڵی و بەراوردکردنی بە مرۆڤی شارستانیی ئەم سەردەمە، باڵای ژنە نیاندەرتاڵەکە بە مەتر و نیوێک خەمڵێندراوە و توانیویانە وێنەی نزیکەیی لە روخسارییەوە بکێشن.


 













گەلەری