رۆژنامەیەکی عەرەبی رایگەیاند، سەرباری ئەوەی هەرێم دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت، بەڵام بەدەست گەندەڵی و خزمایەتی و کێشەی ئابوورییەوە دەناڵێنێت. دەشڵێت، " ئەوانە بوونەتە هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپا لەڕێگە مەترسیدارەکانەوە".
ئەمڕۆ هەینی، رۆژنامەی (شەرقلئەوسەت)ـی عەرەبی راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە ساڵانی رابردوودا هەزاران هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا پەنایان بۆ رێگا مەترسیدارەکانی وەک پەڕینەوە لە دەریاکان، یاخود بەپێ رۆشتن بە ناو دارستانەکانی بێلاڕوسیادا بردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، تا ئێستا چەندین هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لەو
رێگا مەترسیدارانە گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێن بوون.
باس لەوەش کراوە، سەرباری ئەوەی هەرێم دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت، بەڵام بەدەست گەندەڵی و خزمایەتی و کێشەی ئابوورییەوە
دەناڵێنێت، ئەوەش بووەتە هۆکارێکی سەرەکی کۆچکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەڕێگا مەترسیدارەکانەوە
بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا.
هاوکات بەگوێرەی راپرسییەکی کۆمپانیایەکی ئەمریکی بە
ناوی ( گاڵۆپ)، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە کۆی سێ دانیشتوی هەرێمی کوردستان، دوو کەسیان
دۆزینەوەی کار بۆیان ئەستەم بووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی ١٦ لەسەر ١٧ـی ئەم مانگە بەلەمێک
لە کەناری لۆکرید لە ئیتاڵیا بەدووری ١٢٠ میل بەهۆی شەپۆلەکانی دەریاوە ژێرئاو کەوت
و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٣٣ کەس خنکان. بەپێی زانیارییەکانیش، لە بەلەمەکەدا ٣٥ کۆچبەری
کوردی تێدابووە، کە ١١ کەسیان ئەندامی یەک خێزان بوون و کەسوکارەکەشیان
دەڵێن، سێ کەسیان رزگاریان بووە و تەرمی دوانیشیان دۆزراونەتەوە. بەپێی دوایین
ئامارەکانیش، تەنها ١١ کەس رزگاربووی رووداوەکەن.
بەپێی
ئامارەکانیش، لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا بەهۆی بێکاری و نیگەرانیەکانیانەوە زیاتر
لە ١٥٥ هەزار گەنج لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە.