سەردێڕ:

ئاماری گیانلەدەستدان لە غەززە ٣٥ هەزار کەسی تێپەڕاند

PM:07:15:12/05/2024

1012 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووە کە دەکاتە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل تاوەکو ئێستا ٣٥ هەزار و ٣٤ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٧٨ هەزار و ٧٥٥ کەسیش بریندار بوون.


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەپێی راپۆرتی ئاماری رۆژانە سەبارەت بە ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوون، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، ٦٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١١٤ کەسیش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا ٣٥ هەزار و ٣٤ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٧٨ هەزار و ٧٥٥ کەسیش بریندار بوون.

لای خۆشیەوە، میدیاکانی فەڵەستین باس لەوە دەکەن، سوپای ئیسڕائیل دەستی بە هێرشێکی توند کردووە لە باکووری ناوچەی شەیمائی کە دەکەوێتە باکووری غەززە.

پێشتر، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ داواکارییەکی فەڵەستینی پەسەندکرد بۆ بە ئەندامبوونی هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیلیش دەنگدانەکەی بە پێشێلکردنی بنەماکانی ئەو رێکخراوە ناوبرد.

بەڵام لەبەرامبەردا، ئیسرائیل رەخنەی توندی لە بڕیارەکە گرت، هەروەها نوێنەرەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان چەند لاپەڕەیەکی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکانی دڕاند و جەختیکردەوە، دەنگدانەکە بنەماکانی پەیماننامەی ئەو رێکخراوەی پێشێلکردووە.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە و هەزاران کەس لە هەردوو لا گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانیش بریندار بوون.













گەلەری