وتەبێژی خاچی سوور لە فەڵەستین رایگەیاند، دۆخی هاوڵاتیانی غەززە بەهۆی سەرماوە خراپتربووە و داوادەکەن هاوکارییان بکرێت. دەشڵێت، " ٤٠ رۆژ پێش هاتنی وەرزی زستان شەپۆلێکی سەرمای چر ناوچەکەی گرتووەتەوە".
ئەمرۆ یەکشەممە، هیشام موحەنا وتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور بە ئاژانسی سکای نیوزی راگەیاند، شەپۆلێکی سەرما غەززەی گرتووەتەوە و داوا لە رێکخراوە خێرخوازییەکان ونێودەوڵەتییکان دەکەن بەخێرای کەرەستەی خۆپارێزیی و پۆشاکی زستانە بگەیەننە دانیشتوانی شارەکە.
ئاماژەی بەوەشكرد، کاریگەرییەکانی
بارانبارین لەسەر کەمپەکانی پەنابەران و ناوەندەکانی پەناگەکان کارەساتبارن و
رەنگە ئەو کەمپانە بە تەواوەتی ژێڕئاو بکەون بەهۆی باران و لافاوی بەهێزەوە.
ئەوەشی خستە روو، لە غەززە پێش هاتنی وەرزی زستان بە ٤٠ رۆژ ئەگەری
بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە ناوچە نزمەکاندا هەیە و ئەوەش دەبێتە
هۆی خراپتربوونی بارودۆخی تەندروستی دانیشتوانانی ئەو شارە.
هاوکات باسی لەوەش کرد، کەمی
ئاوی پاک بۆ خواردنەوە و بەکارهێنان یەکێکی دیکەیە لەو کارەساتە مرۆییانەی
رووبەڕووی غەززە بووەتەوە، هەروەها نەمانی سوتەمەنیش هەڕيشەیەکی گەورەیە لەسەر
ژیانی هاوڵاتیانی غەززە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی
رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە
لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.