نوسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق رایگەیاند، سیستانی بەمەبەستی رێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی دیاردەی سوتاندنی قورئانەوە داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان کردووە ئەو رێکارانە بگرنەبەر کە دەبنە هۆی رێگری کردن لە دووبارە بوونەوەی دیاردەی سوتاندنی قورئان.
نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دەزگاکانی راگەیاندن هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە کە کەسێک لە وڵاتی سوید دەستدرێژی کردووەتە سەر قورئان و چەند پەڕەیەکی لێ سوتاندووە بە ئامانجی دژایەتی کردنی ئاینی ئیسلام.
ئاماژەی بەوەشکردووە،
هاوشێوەی ئەم رەفتارە لەم ساڵانەی دواییدا لەچەند وڵاتێکی جیاواز روویانداوە،
بەڵام ئەوەی ئەمجارە جێگەی تێبینییە ئەوەیە پۆلیس خۆی رێگەپێدانی داوە بەو کەسە بە
بیانوی ئەوەی ئەمە بەشێکە لە ئازادی رادەربڕین.
راگەیەنراوەکە
باسی لەوەشکردووە، ئەم جۆرە رەفتارانە هیچ رێزگرتنی ئازادی رادەربڕینی تێدانیە کە
بەشێوەیەکی ئاشکرا دەستدرێژی دەکرێتە سەر پیرۆزییەکانی زیاتر لە دوو ملیار موسڵمان
لە جیهاندا، ئەمەش رێخۆشکەری دەکات بۆ سەرهەڵدان و دروستبوونی بیرۆکەی توندڕەوی.
لە بەشێکی
دیکەی راگەیەنراوەکەی نوسینگەی سیستانیدا هاتووە، "داوا لە
نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەم رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگری کردن لە
دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە رەفتارانە و پێویستیشە وڵاتان چاوێک بەیاساکانیاندا
بخشێننەوە کە رێگە بەم جۆرە رەفتارانە دەدەن".
دەشڵێت،
بانگەواز دەکات بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان سەرجەم ئاینە جیاوازەکان و بیرو
بۆچوونە جیاوازەکان کە لەسەر بنەمای رەچاوکردنی مافەکان و رێزگرتنی کۆمەڵگەکان دامەزراوە.
هەر ئەمڕۆ،
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە تویتتێکدا سەرکۆنەی سوتانی قورئانی لە سوید کرد
و داوای لە لەلایەنگرانی کرد بڕژێنە سەر شەقامەکان و لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید خۆپیشاندان
بکەن.
هاوکات،
داواشی لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق کرد رەگەزنامەی عێراقی لەو کەسە بسەنێتەوە کە
ئەو کارەی کردووە و دادگا سزای بۆ دەربکات کە شایستەی رەفتارەکەی بێت.
دوابەدوای
پەیامەکەی سەدر، بەشێک لە لایەنگرانی لە شاری بەغدا رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان
دەستی پێکرد و خۆپیشاندەران چوونە ناو باڵیۆزخانەی وڵاتی سویدەوە لە شاری بەغدا.
دواتریش،
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەبارەی هەمان دیاردەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا
هاتووە، سوتاندنی قورئان بە هیچ جۆرێک لە جۆرەکان نایەتە ناو چوارچێوەی ئازادی
رادەربڕینەوە و هیچ پاساوێکی نییە، بەڵکو بریندارکردنی هەستی موسڵمانانە لەسەر
تاسەری جیهاندا.
لە بەشێکی
دیکەی پەیامەکەی بارزانیدا هاتووە، "بەتوندی سەرکۆنەی ئەو رەفتارە دەکەین،
جەختدەکەینەوە کە ئەم جۆرە رەفتارانە یەکناگرێتەوە لەگەڵ رۆحی پێکەوە ژیان، بەڵکو
تاریکی و توندڕەوی و گوتاری رق لێبوونەوە لەسەر هەموو ئاستەکان پەرەپێدەدات".
لەلایەن
خۆیەوە، لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی
بەوەکردووە، "بە توڕەییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو جۆرە رەفتارە نابەرپرسانە دەکەین
کە بێڕێزی کردنە بەرامبەر قورئان کە کتێبی پیرۆزی ملیاران موسڵمانە لە وڵات و
کیشوەرە جیاوازەکان".
دەشڵێت، ئەم
جۆرە رەفتارانە هیچ پەیوەندی بە ئازادی رادەربڕینەوە نییە، بەڵکو لێدانە لە خودی
ئازادی خۆیی و زیان بە مرۆڤایەتی دەگەیەنێت.
لەلایەن
خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە،
باڵیۆزی سویدیان بانگهێشت کردووە و توڕەیی شەقامی عێراقییان بەرامبەر بە سوتاندنی
قورئان پێڕاگەیاندووە.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا لە حکومەتی سوید دەکات رێکاری پێویست
بگرێتەبەر بۆ رێگری کردن لە بێڕێزیکردن بەرامبەر قورئان و دووبارە نەبوونەوەی ئەم
جۆرە دیاردە و رەفتارانە، چونکە یاسا و ئازادی رادەربڕین رێگە بەم جۆرە رەفتارانە
نادەن کە تیایدا دەستدرێژی دەکرێتە سەر پیرۆزییە ئاینییەکان.
ئەمە
لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی ٦ی ٢٠٢٣ لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا
هاوڵاتییەکی بە رەگەز عێراقی لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە پایتەختی سوید،
دوای ئەوەی پۆلیسی ئەو وڵاتە مۆڵەتی پێدا قورئانی سوتاند. ئەمەش لەسەر ئاستی
نێودەوڵەتی و ناوخۆی عێراق و هەرێم کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە.