سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی دۆخی سودانەوە دەدات

ژمارەیەک منداڵى سودانى لەگەڵ دایکیان ئاوارە بوون و لە دۆخێکى سەختدا ژیان بە رێدەکەن
PM:05:59:17/05/2023

1636 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵسەنگاندنى بۆ دۆخى سودان کردووە و گەیشتووەتە ئەو بڕوایەى ژمارەی ئەو ئاوارانەی، سودان بەجێدەهێڵن بگاتە یەک ملیۆن کەس.


رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، شەڕی ناوخۆی سودان زۆر بەخێرایی بۆ جەنگێکی هەرێمی دەگۆڕێت و بە بڕواى ئەوان لەوانەیە ژمارەی ئاوارەکانی سودان بگاتە یەک ملیۆن کەس.

باسی لەوەشکردووە، هاوڵاتیانی سودان بەبڕی سێ ملیار دۆلار پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

یۆنامى ئاماژەی بەوە داوە کە پێویستی بە زیاتر لە دوو ملیارو نیو دۆلارە، لە کاتێکدا بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی مانگی کانوونی دووەم، نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستی بە یەک ملیار و ٧٥ ملیۆن دۆلار بووە.

باسی لەوەشکردووە، ئەو کۆچبەر و ئاوارانەی وڵاتەکەیان جێهێشتووە پێویستیان بە زیاتر ٤٧٠ ملیۆن دۆلار هاوکارییە کە پێشبینی دەکرێت ژمارەیان لە ئەمساڵدا بگاتە یەک ملیۆن کەس.

دەشڵێت، نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری خێرای مرۆیی هەیە و ئەو ژمارەیەش زیاتر لە نیوەی ژمارەی دانیشتوانی سودانە.

ئەوە لەکاتێکدایە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی رابردووەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەقلو لەگەڵ سوپای سودان بەسەرۆکایەتی عەبدول فەتاح بورهان دروست بووە و ئێستا دوای چەندین جار ئاگربەست رووبەرووبوونەوەکان بەردەوامیان هەیە.

سعودییە میوانداری نوێنەرانی هەردوو لایەنی ململانێکانی سوپاى سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرای کرد بەمەبەستی گفتوگۆ کردن و رێککەوتن لەکاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیوادارە کۆتایی بەو شەڕە بهێنن کە ماوەی چوار هەفتەیە بەردەوامە.

گفتوگۆکانی شاری جەددە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی سعودییە و ئەمریکا دێت لەپێناو کۆتایهێنان بە جەنگی نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان کە بەشێکى زۆرى خاکى ئەو وڵاتەى گرتووەتەوە و بووە بەناوچەی شەڕ ئەوەش بووە بەهۆی کوژرانی سەدان کەس و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەسی دیکە.













گەلەری