سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وادەی پەسەندکردنی بودجەی ئاشکرا کرد

PM:11:59:09/04/2023

4084 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دانیشتنەکانی لیژنەی دارایی لەسەر بودجە بەردەوامە و لە دوای جەژنی هەستانەوەی مەسیح خوێندنەوەی یاسایی دووەمی بۆ ئەنجام دەدرێت و لە مانگی ئایاری داهاتوو "مانگی پێنج" پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە بەڕێوەدەچێت.


مەعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، لیژنەی دارایی جدییە لە دەستپێکردنی گفتوگۆ و بڕیاردان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە، لە ئێستادا دانیشتنە فەرمییەکان لەسەر ئەو پرسە دەستی پێکردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، دانیشتنەکانی لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بەردەوام دەبێت تاوەکو رەزامەندی هاوبەشی لەسەر دەدرێت و دووبارە ئاڕاستەی پەرلەمان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یاسایی دووەمی لەسەر ئەنجامبدرێت.

وتیشی، "لە دوای جەژنی هەستانەوەی مەسیح خوێندنەوەی یاسایی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە ئەنجام دەدرێت."

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق جدین لە بەڕێوەبەردنی کارە پەیوەستەکانی پڕۆژە یاسای بودجە و تێبینییەکانیش بە وردی وەردەگرن و لە ئێستادا ناڕەزایی لە شایستەی دارایی دابینکراوی ١٥ پارێزگا بوونی هەیە.

باسی لەوەشکرد، بڕە پارەیەک لە (پشتیوانی دارایی لەناکاو) بۆ پارێزگاکان ماوەتەوە و دەکرێت شایستەی دارایی دابینکراوی وەزارەتەکان حەواڵەی پارێزگاکان بکرێت و سەرجەم ناڕەزاییەکان سەر پڕۆژە یاسای بودجە دەتوانرێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، هیچ ناڕەزاییەک لەسەر نرخی هەژمارکراوی نەوت لە بودجەی عێراق نییە کە ٧٠ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک و لە رەشنووسی بودجەدا نرخی بەنزین و گازی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ زیاد نەکراوە و هەوڵدەدرێت سوود لە غازی سروشتی وەربگیرێت.

وتیشی، "لە مانگی ئایار پرۆسەی دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بودجە بەڕێوەدەچێت."

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٣ی ئازار سەرۆکوەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق گەورەترین بودجەی عێراقە و بڕەکەی ١٩٨ ترلیۆن و ٦٨٣ ملیار و ٧١٩ ملیۆن و ٤٧٢ هەزار دینارە و تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە ١٣٠٠ دینارە جێگیرکراوە، لەو بڕەش ٦٤ ترلیۆن دیناری بە کورتهێنان دانراوە.

هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا بە رێژەی لە ٪١٢.٦٧ جێگیرکراوە و لە کاتی تێپەڕاندنی بودجەدا هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ دەنێردرێت و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا بە شێوازێکە، هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت لە بانکێکدا دابنێت کە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵیدا بێت و دەسەڵاتی بەکارهێنانیش لەژێر دەستی سەرۆکوەزیرانی هەرێمدا دەبێت.













گەلەری