تەواوی دانیشتوانی گوندێک تەنافبازی دەکەن

PM:12:45:19/10/2021

2212 جار خوێندراوەتەوە

تسۆڤکرا گوندێکی بچووکە و دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی، هیچ کەسێک نییە لەم گوندەدا نازانێت بەسەر تەنفدا ڕێبکات و ئەمەش سەرنجی خەڵکی ڕاکێشاوە و هەمیشە دەیانەوێت بزانن چۆن و بۆ چی ئەم نەریتە سەری هەڵداوە.

ماڵپەڕی odditycentral لە هەواڵێکدا باسی لەوەکردووە تسۆڤکرا ناوی ئەو گوندەی ڕوسیایە کە خەڵکەکەی هەموو تەنافبازی دەزانن و گوندەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی چڕی شاخاوییەوە و خەڵکەکەی بە "خەڵکە شاخییەکان" ناودەبرێن.

هاوکات، هیچ کەسێک زانیاری نییە لەسەر ئەوەی چۆن ئەم شتە سەری هەڵدا، بەڵام ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ساڵە تەواوی دانیشتوانی گوندەکە بە پیاوان و ژنان و منداڵانەوە هەموو ئەوانەی خاوەنی جەستەیەکی ساغن دەتوانن تەنافبازی ئەنجام بدەن و ئەمەش جیاوازیی گوندەکەی دروست کردووە بەراورد بە هەموو ناوچەکانی دیکەی چواردەوری خۆی و جیهان.

ماڵپەڕەکە باسی لەوەش کردووە ژمارەی دانیشتوانی گوندەکە لە ساڵی ١٩٨٠ دا تەنها نزیکەی ٣٠٠٠ کەس بووە و لەمڕۆدا ژمارەکە دابەزیووە بۆ کەمتر لە ٤٠٠ کەسبەڵام هەموویان ڕۆژانە ڕاهێنان دەکەن بۆ ئەوەی داب و نەریتەکەیان بپارێزن.

لەبارەی چۆنییەتی دروستبوونی نەرییتەکەوە ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەفسانەیەک دەڵێت: پیاوانی ناوچەکە خۆیان فێری ئەم تەنافبازییە کردووە تا زووتر بتوانن بگەن بە خۆشەویستەکانیان بەهۆی ئەوەی بێزاربوون لەوەی کاتێکی زۆر لە ڕێکردنەدا بەسەر ببەن لە ڕۆشتن بە قوڵی چیاکاندا بۆ گوندەکانی ترهەر بۆیە تەنفیان لەنێوان چیاکاندا لێداوە و

لەوڕێگەیەوە ئاسانتر ڕۆشتن بۆلای خۆشەویستەکانیان.

بەڵام ئەم تیۆرییە ڕۆمانسییە خەڵکێکی کەم باوەڕیان پێی هەیە و بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە پێیان وایە کە لەڕابردوودا ئەم ڕێگەیەیان بەکارهێناوە بۆ پەڕینەوە بە ڕوبارەکاندا کاتێک پردەکان تێکشکاون.

بەڵام لە ئێستدا ئەم نەرییتەش وەک نەریتی هەموو ناوچەکانی دیکە، بەهۆی پێشکەوتن و تەکنلۆژیاوە وردە وردە بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت و گەنجان دەستبەرداری بوون و پێدەچێت لە چەند ساڵی داهاتوو ببێتە چیرۆکێکی مێژووی بۆ ناوچەکەیان.