شانۆیی"تۆ مەچۆ بۆ شەڕ"لە سلێمانی نمایش دەکرێت

PM:08:00:24/05/2023

2788 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمجار لە هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی شانۆگەرییەکە نمایش دەکرێت
بڕیارە لە ٢ی ٦  (هەینی) و ڕۆژانی دواتریش، شانۆیی (تۆ مەچۆ بۆ شەڕ) لە هۆڵی ڕۆشنبیریی شاری سلێمانی دەست بە نمایش بکات. کاتی نمایشەکەش لە ٥:٠٠ی ئێوارە دەبێت.
سۆران عوسمان، بەرهەمهێنەری شانۆگەریی(تۆ مەچۆ بۆ شەڕ) بە راگەیاندنەکانی وت، ئیلهامی ئەم شانۆییە لە دەقێکی شیعریی (ماردین ئیبراهیم)ی شاعیر وەرگیراوە و دەرهێنەر (هۆرێن غەریب) کاری سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بۆ شانۆ و دەرهێنانی ئەنجام دەدات، هەروەها کۆمپانیای (سۆ مارکێتینگ) کاری بەرهەمهێنانی شانۆییەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
بەرهەمهێنەری (تۆ مەچۆ بۆ شەڕ) راشیگەیاند، لەم بەرهەمە شانۆییەدا ژمارەیەک ئەکتەری دیار رۆڵ دەگێڕن، وەکو، پێشڕەو حسێن، تاهیر عەبدولواحید، روبار ئەحمەد، سەوسەن عومەر، میران شێرزاد و ژمارەیەکی دیکەش لە ئەکتەرانی لێهاتوی بواری شانۆ.
چیرۆکی شانۆگەرییەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە بەهۆی جەنگەوە شارۆچکەیەک وێران دەبێت و جەنگ سەرتاپای شارۆچکەکە دەکات بە وێرانە. (رافائیل) جەنگاوەرێکە کە لەدوای هەموو جەنگێک دڕندانەتر دەردەکەوێتەوە، بە زۆر کوڕەکەی رەوانەی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هاوژین و کچانی (ڕافائیل) بێ ئاگان لەو هەموو جەنگە بێهودانەی پیاوان هەڵیدەگیرسێنن. کۆڵەکەی ماڵەکە لەسەر پشتی دایکەکە راوەستاوە و لەو ساتەی بڕیار دەدات بڕوات و سەری خۆی هەڵبگرێت هەموو شتەکان وێرانتر دەبن و شیرازەی ماڵەکە دەپچڕێت. لێرەشەوە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەرهێنەر بینەران ئاوێتەی شانۆییەکە دەکات و دەیانکات بە بەشێکی دانەبڕاو لە ڕووداوەکانی دواتری (تۆ مەچۆ بۆ شەڕ).
سۆران عوسمان، خاوەنی کۆمپانیای (سۆ مارکێتینگ)ە، جگە لە کاری پرۆدیوسەری بۆ شانۆیی (تۆ مەچۆ بۆ شەڕ)، لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا شانۆیی (دوا ڕۆژەکانی بابلۆ)ی بەرهەمهێنا کە بە یەکێک لە پڕبینەرترین شانۆگەرییەکان لەسەر ئاستی باشوری کوردستان دادەنرێت.