توێژینەوەیەکی ئەم دواییە
ئاشکرایکردووە، ڕەنگە خواردنەوە گازییەکان دوژمنی شاراوەی قژت بن، بەو پێیەی ئەنجامەکان
پەیوەندییەکیان لە نێوان خواردنەوەی بەردەوامی ئەم خواردنەوانە و زیادبوونی هەڵوەرینی
قژ نیشانداوە.
بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیەی
زانایانی پورتوگال ئەنجامیانداوە، ئەو کەسانەی بەردەوام خواردنەوە گازییەکان دەخۆنەوە،
مەترسیی هەڵوەرینی قژیان زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا توێژینەوەکە دەریخستووە کە پاراستنی
ئاستی پێویستی ڤیتامین D دەتوانێت رێگری بکات لە هەڵوەرینی
قژ.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە
کە زیادەڕۆیی لە خواردنەوە شەکردارەکان، بەتایبەتی کاتێک زیاتر لە ٣.٥ لیتر لە هەفتەیەکدا
دەخورێتەوە مەترسی هەڵوەرینی قژ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، بەتایبەتی لە پیاواندا.
خواردنەوە گازییەکان ڕێژەیەکی
بەرزی کافاینیان تێدایە کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی سترێس، ئەمە جگە
لەوەی بڕێکی زۆر شەکری تێدایە کە دەبێتە هۆی هەوکردن و خراپی سوڕی خوێن، ئەم هۆکارانە بەیەکەوە دەبنە هۆی لاوازبوونی تاڵەکانی
قژ و زیادبوونی هەڵوەرینی قژ.
ئەم دۆزینەوانە دوای شیکردنەوەی
زانیارییەکانی زیاتر لە ٦١ هەزار بەشداربووە لە نزیکەی ١٧ لێکۆڵینەوەی پێشوودا دێن.
توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، خواردنەوە گازییەکان کاریگەری نەرێنییان لەسەر هەموو
لایەنەکانی تەندروستی قژ هەیە.
لەم بارەیەوە توێژەران پێشنیاری
سنووردارکردنی خواردنەوە گازییەکان و کهولییەکان دەکەن، لە هەمان کاتدا زیادکردنی
خواردنی ڤیتامین D و ئاسن و پرۆتین، وەک ڕێکارێکی
خۆپارێزی بۆ پاراستنی قژێکی تەندروست.