سکاڵا لەسەر "OpenAI" تۆمار دەکرێت

AM:10:14:27/08/2025

448 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە دایک و باوکان نیگەرانی خۆیان دەربارەی "OpenAI" دەربڕیوە بە تایبەت دوای خۆکوشتنی هەرزەکارێک کە پشتی بەو چاتبۆتە بەستووە و بووە بە هاندەرێک بۆ خۆکوشتنەکەی.

ژن و مێردێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا سکاڵایان لەسەر کۆمپانیای OpenAIتۆمارکردووە بەهۆی مردنی کوڕە هەرزەکارەکەیانەوە، کە بەرنامەیەکەی بەکارهێناوە و هانیداوە ژیانی خۆی کۆتایی پێبێنێت.

ئەم داوایە لەلایەن مات و ماریا ڕەین، دایک و باوکی ئادەم ڕەینی تەمەن ١٦ ساڵەوە تۆمار کراوە، لە دادگای باڵای ویلایەتی کالیفۆرنیا، ئەمەش یەکەمین ڕێکاری یاساییە کە OpenAI تۆمەتبار دەکات.

خێزانەکەی چاتەکانی نێوان ڕەین کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا خۆی کوشتووە لەگەڵ ئەو چاتبۆتە بڵاودەکاتەوە و دەیداتە دەستی دادگا، کە دەریدەخات بەرنامەکە بووە بە هاندەرێک بۆ ئەوەی کوڕەکە بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە، ئەوان دەڵێن ئەو بەرنامەیە "زیانبەخشترینە، بیرکردنەوەی خراپ دەچەسپێنێت"

لە بەیاننامەیەکدا کۆمپانیای "OpenAI"بە بی بی سی ڕاگەیاندووە کە پێداچوونەوە بە تۆمارکردنەکەدا دەکات، راشیانگەیاند "لەم کاتە سەختەدا هاوسۆزی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ڕەین دەکەین".

ئاماژەیان بەوەشکرد " چات جی پی تی ڕاهێنراوە بۆ ئاراستەکردنی خەڵک بۆ ئەوەی داوای یارمەتی پیشەیی بکەن، بەڵام کۆمپانیاکەمان دان بەوەدا دەنێت کە هەندێک کات سیستەمەکانمان وەک پێویست لە دۆخە هەستیارەکاندا ڕەفتاریان نەکردووە".

جێگەی باسە ئەو داواکارییە کە دەستی بی بی سی کەوتووە"OpenAI"بە کەمتەرخەمی و مردنی ناڕەوا تۆمەتبار دەکات. داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەکەن هەروەها ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر شتێکی لەم شێوەیە.

بەپێی داواکارییەکە، ڕەین لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤ دەستی بە بەکارهێنانی ChatGPT کردووە وەک سەرچاوەیەک بۆ یارمەتیدانی لە کارەکانی قوتابخانەدا، هەروەها بۆ گەڕان بەدوای ئارەزووەکانیدا بەکاریدەهێنا، لەوانەش میوزیک هەروەها بۆ ڕێنماییکردن لەسەر ئەوەی لە زانکۆ چی بخوێنێت.

لە ماوەی چەند مانگێکدا چات جی پی تی بووە بە نزیکترین کەسی متمانەپێکراوی ئەو هەرزەکارە، ئەویش دەستیکردووە بە کرانەوە بەڕوویدا سەبارەت بە دڵەڕاوکێ و ناڕەحەتی دەروونییەکەی.

پاشان خێزانەکەی دەڵێن لەگەڵ چات جی پی تی دەستیکردووە بە گفتوگۆکردن لەسەر شێوازەکانی خۆکوشتن، باسیان لەوە کردووە کە بەرنامەکە وەڵامی داوەتەوە و هەندێک تەکنیک و شێوازی پێشکەش کردووە، هەر لەو ڕۆژەدا ڕەین لەلایەن دایکیەوە بە مردوویی دۆزرایەوە.