بۆ رزگاربوون لە شەقیقە دەبێت ئەم پێنج ڤیتامینە لە جەستەتدا بەرز بکەیتەوە

PM:10:51:19/04/2024

29836 جار خوێندراوەتەوە

تووشبوون بە شەقیقە دەتوانێت لە سووکەوە بگۆڕێت بۆ توند، هەندێک جار ئازاری توندی یەک لای مێشکی لەگەڵدا دەبێت، لە حاڵەتە زۆر توندەکاندا زۆرجار شەقیقە لەگەڵ سکچوون یان رشانەوە و زیادبوونی هەستیاری بەرامبەر رووناکی و دەنگەکان دەبێت.

بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی "ئەلعەرەبییە"، شەقیقە حاڵەتێکی باوی دەمارییە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و کارکردنی کەسەکان هەبێت، هێرشی شەقیقە دەتوانێت بۆ چەند کاتژمێرێک یان چەند رۆژێک بەردەوام بێت، ئەمەش گەڕێنراوەتەوە بۆ کەمی چەند ڤیتامینێک لەجەستەدا.

ئەمانە گرنگرترین ئەو ڤیتامینانەن کە دەبێت لە کاتی تووشبوون بە شەقیقەدا بەرز بکرێنەوە:

١. ڤیتامین دی، ئەم ڤیتامینە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە تەندروستی دەمارەکان و کەمکردنەوەی هەوکردندا، کە ئەمەش رەنگە پەیوەندی بە کاریگەرییەکەیەوە هەبێت لەسەر دووبارەبوونەوەی شەقیقە.

٢. مەگنسیۆم، هەرچەندە ڤیتامین نییە بەڵکو کانزایە، بەڵام رۆڵێکی گرنگی هەیە لە رێگریکردنی تووشبوون بە شەقیقە، مەگنیسیۆم گرنگە بۆ کارکردنی دروستی دەمارەکان، یارمەتی رێکخستنی گواستەرە دەمارییەکان دەدات.

٣. ڤیتامین B2، ڤیتامین B2 یان ریبۆفلاڤین، پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە خانەکاندا و کەمییەکەی دەتوانێت کاری خانەکانی مێشک تێکبدات کە پەیوەندی بە شەقیقەیەوە هەیە، بەگوێرەی بڵاوکراوەی فەرمی کۆلێژی پزیشکانی کەنەدا، ریبۆفلاڤین دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی توندی شەقیقە.

٤. کۆئەنزیمی Q10 ، هەرچەندە ڤیتامینێکی زۆر بەناوبانگ نییە، بەڵام کۆئەنزیمی Q10 ماددەیەکی خۆراکییە و هاوشێوەی ڤیتامینەکانی ناو جەستە کاردەکات، پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی وزە، چەندین توێژینەوەش دەریانخستووە کە CoQ10 دەتوانێت تووشبوون بە شەقیقە کەم بکاتەوە.

٥. ڤیتامین B12، ڤیتامین B12 پێویستە بۆ تەندروستی گشتی دەمارەکان و کارکردنیان، یارمەتی بەرهەمهێنانی DNA و خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەدات و پاڵپشتی کارکردنی خڕۆکە دەمارییەکان دەکات، کەمی ڤیتامین B12 دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشییە دەمارییەکان کە رەنگە شەقیقە لە هەندێک کەسدا توندتر بکات.