چۆن دەتوانیت خۆت لە مەترسیدارترین جۆری شێرپەنجەی پێست بەدوور بگریت؟

PM:06:35:19/04/2024

5564 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتێک دووپاتی دەکاتەوە، بەرکەوتنی راستەوخۆ بە تیشکی خۆر لە هاویندا هۆکاری سەرەکی یەکێک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی شێرپەنجەی پێستە کە تووشی مرۆڤ دەبێت و لە هەندێک دۆخدا دەبێتە هۆی مردنی.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین هەموو ساڵێک باس لە شێرپەنجەی پێست و بەرکەوتن بە تیشکی خۆر و پەیوەندی بەم نەخۆشییەوە دەکرێت، بەپێی بابەتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە ئەم تیشکانەی خۆر هۆکاری سەرەکین بۆ یەکێک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی شێرپەنجەی پێست.

رۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە شێرپەنجەی میلانۆمای پێست کوشندەترین جۆری شێرپەنجەی پێستە لە مرۆڤدا، بەگوێرەی ئامارێکی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی، تەنها لە ئەمریکادا نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس تووشی میلانۆما دەبن و ساڵانە نزیکەی هەشت هەزار ئەمریکی بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.

شێرپەنجەی میلانۆما بەهۆی تێکەڵەیەک لە هۆکارە بۆماوەییەکان و ژینگەییەکانەوە دروست دەبێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرکەوتنە بە تیشکی سەروو وەنەوشەیی، مێژووی سووتاوی سەخت یان سووتان بەخۆر دەتوانێت مەترسییەکانی تووشبوون زیاد بکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، باشترین رێگە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی شێرپەنجەی میلانۆمای پێست، دوورکەوتنەوەیە لە بەرکەوتن بە تیشکی سەروو وەنەوشەیی، کاتێک تیشکی خۆر لە بەهێزترین ئاستیدایە لە نێوان کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا چواری پاشنیوەڕۆ، بۆیە باشتر وایە لەو کاتژمێرانەدا خۆت لە بەرکەوتنی راستەوخۆ بە تیشکی خۆر دووربخەیتەوە، هەروەها پزیشکان ئامۆژگاری دەکەن جلوبەرگی خۆپارێزی و چاویلکە بەکاربهێنرێت، لەگەڵ بەکارهێنانی بەردەوامی دژەخۆر.