چۆن بەختەوەر بین لە ژیاندا؟

PM:02:40:19/04/2024

3172 جار خوێندراوەتەوە

شاعیری ئەڵمانی هاینریچ ڤۆن کلیست لە ساڵی ١٧٩٩ بۆ خوشکەکەی نووسیوە "بەختەوەری وەک هیچ هاوکێشەیەکی بیرکاری ناسەلمێنرێت، دەبێت هەستی پێبکرێت ئەگەر هەبێت".

بەڵام لە دەیەکانی رابردوودا توێژەران هەوڵیان داوە سەرنجیان لەسەر ئەوە بێت کە ئایا بەختەوەربوون مانای چییە و چی دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ گەیشتن بەو حاڵەتە.

بە گوتەی دۆرۆتی زالکۆف، پسپۆڕ و راهێنەر لە بواری دەروونناسی ئەرێنیدا، ئەو دڵخۆشییەی کە لە بەختەوە سەرچاوە دەگرێت، وەک بردنەوەی تیروپشک، لە درێژخایەندا دڵخۆشمان ناکات.

زالچۆڤ دەزانێت چی دەبێتە هۆی بەختەوەرییەکی بەردەوام، ئامرازە زانستییەکانیشی هەیە بۆ سەلماندنی.

زالچۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر دەتەوێت تەندروستی باش و باری دەروونیت بەرز بکەیتەوە، گرنگە پێداچوونەوە بەو شتانەدا بکەیت کە لە رۆژەکەتدا روویانداوە و بە وردی بیر لەو شتانە بکەیتەوە کە سەرنجی راکێشاویت و ئەوەش وای لێکردویت هەست بە چێژوەرگرتن، دڵخۆشی، شانازی، یان خۆشەویستی بکەیت.

وەک پلانێکی بەکردار، زالچۆڤ پێشنیاری "دە هەستی گەورە" دەکات کە لەلایەن مامۆستای دەروونناسی ئەرێنی باربارا فرێدریکسۆن لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، خۆشەویستی، خۆشی، سوپاسگوزاری، دڵنیابوونەوە، خەمخۆری، هیوا، شانازی، خۆشی، ئیلهام و سەرسامی.

روونیشیکردەوە، هەستکردن بە هەست و سۆزی ئەرێنی دروستبوونی پەیوەندییە دەمارییەکان زیاد دەکات، ئەمەش پاڵپشتی نەرمی و داهێنانی دەروونیمان دەکات، ئەمە جگە لەوەی توانای چارەسەرکردنی کێشەکانمانیشی هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دروستکردنی سەرچاوە بۆ بەختەوەربوون کە بتوانین لە ئەگەر لە کورتخایەنیشدا نەبێت، للانیکەم لە درێژخایەندا دەستمان پێ بگات، دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانین باشتر لەگەڵ ژیانی رۆژانەماندا روبەڕوو ببینەوە و هەست بە هەست و سۆزی ئەرێنی زیاتر بکەین.

زالچۆڤ ئاماژە بە رێگەیەکی تر دەکات بۆ بەرزکردنەوەی بەختەوەری، ئەویش گرنگیدان بە خاڵە بەهێزەکانی مرۆڤە، پێشنیاری کرد کە لەبری ئەوەی مرۆڤ سەرنجی لەسەر کارامەیی تایبەت بێت، وەک باش بوون لە بیرکاریدا، هەوڵبدات و سەرنجی لەسەر چۆنیەتی نزیکبوونەوە لە شتەکان بێت.

بۆ نموونە لەوانەیە خۆی ببینێتەوە کە کەسێکە کە بتوانێت بە باشی مامەڵە لەگەڵ بارگرانییەکاندا بکات یان هەستێکی بەرزی جوانی هەبێت.

زالچۆڤ روونی کردەوە کە زانینی خاڵە بەهێزەکانمان و بەکارهێنانیان یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی تەندروستی و باشی دەروونیمان لە درێژخایەندا.

بە بڕوای زالچۆڤ، تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی تری کەسایەتی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە بریتین لە پەرۆشی، بڕیاردان، دادپەروەری، کارامەیی، زیرەکی کۆمەڵایەتی، یان تەنانەت خۆبەزلزانین.

زالچۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر مرۆڤ بیەوێت دڵخۆشتر بێت، هەمیشە بەسوودە کارێکی گرنگ ئەنجام بدات، زالچۆڤ دەڵێت، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو کەسانەی هەستێکی بەرزیان هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، دڵخۆشترن. ئاماژەی بەوەشکردووە، جا چ لە ماڵەوە بێت، چ لە شوێنی کارەکەی یان لەکاتی ئەنجامدانی کاری خۆبەخشیدا، مرۆڤ دەبێت هەوڵبدات شتێک بدۆزێتەوە کە رێگەی پێبدات بەشداری لە رۆڵە گەورەکەدا بکات.

H.Y