نەخۆشی گرێیەکانی جگەر و کاریگەرییەکانی بۆ جەستە چین؟

PM:10:10:17/04/2024

5596 جار خوێندراوەتەوە

جگەر یەکێکە لە ئەندامە گەورەکانی جەستەی مرۆڤ، زۆرترین خوێنی جەستەی بۆ دەچێت، بەو هۆیەوە دووچاری نەخۆشی زۆر و هەمەجۆر دەبێت، یەکێک لەو نەخۆشییانە، نەخۆشیی گرێکانی جگەرە.

دکتۆر فایەق گوڵپی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لە بڵاوکراوەیەکیدا باس لە گرێکانی جگەر و جۆرەکانی دەکات، بەمشێوەیە:

١.گرێی ئاسایی

ئەمانە شێرپەنجە نین، زۆربەی کات ئەم گرێیانە هیچ نیشانەیەک دروست ناکەن، بە هۆی پشکنینی سۆنەرەوە گرێکان دەردەکەون، ئەگەر ئەم گرێیانە گەورەببن و نیاشانە دروستبکەن، نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت و نەخۆشەکە چاک دەبێتەوە.

٢.گرێی شێرپەنجەی جگەر

ئەو گرێیانەن کە لە خانەکانی جگەرەوە دروستدەبن، بە گوێرەی ژمارە و قەبارە و قۆناغی گەشەکردنی گرێ شێرپەنجەکە، نیشانەی نەخۆشییەکە دەردەکەوێت، گرنگترین نیشانەی ئەم گرێیانە، سک ئێشە و کەمبوونەوەی خواردن و لاوازی و کێش دابەزین و زەردوییە، چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە بە نەشتەرگەری و دەرمانی کیمیاوی و تیشک دەبێت.

٣.گرێ شێرپەنجەی دەرەوەی جگەر

ئەم گرێ شێرپەنجانە کاتێک دروستدەبن کە ئەندامێکی تری نەخۆشەکە، بە تایبەتی ئەندامەکانی کۆئەندامی هەرس، دووچاری شيرپەنجە بووبێت، ئەگەری ئەوە هەیە لەو ئەندامەوە خانەی شێرپەنجەیی لە رێگەی خوێنەوە یان راستەوخۆ بەرەو جگەر بڕۆن و لە جگەردا گرێی شیرپەنجەیی دروستبکەن.

چارەسەری ئەم جۆرە گرێیانە بە چارەسەری ئەندامە نەخۆشەکە دەستپێدەکات، دوای ئەوە چارەسەری گرێی شێرپەنجەکەی جگەریش دەکرێت.