ماستەرێک لەسەر شیعرەکانی ئەحمەد محەمەد وەردەگیرێت

AM:09:53:03/08/2021

7820 جار خوێندراوەتەوە

لە زانکۆی سەڵاحەدین بڕوانامەی ماستەر لەسەر "دیوانی تەمەن"ی ئەحمەد محەمەدی شاعیر بەخشرا بە ئیدریس محەمەدی مامۆستا و خوێندکار.

ئەحمەد محەمەدی شاعیر لە پەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک ئاماژەی بەوەکردووە، ماستەر نامەیەک لەسەر یەکێک لە بەرهەمەکانی بە ناونیشانی "دیوانی تەمەن" وەرگیراوە، لەگەڵیدا کۆمەڵێک وێنەی خۆی و ئەو خوێندکارەی کە ماستەری لەسەر دیوانەکەی پێبەخشراوە بڵاوکردووەتەوە.

ئیدریس محەمەد ڕەزای توێژەر و دەرچووی کۆلێژی زمانی کوردی، ماستەر نامەکەی بە ناونیشانی "وێنەی شیعری لە دیوانی (تەمەن)ی ئەحمەد محەمەد"دا بووە، بە ئامادەبوونی شاعیر خۆی و لیژنەی گفتوگۆی ماستەر نامەکە و چەندین مامۆستا بڕوانامەی ماستەری پێبەخشرا.

هونەرمەند و شاعیر، ئەحمەد محەمەد، ساڵی ١٩٦٧ لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لە دایك بووە، یەکێكە لە شاعیرە ناودارەکان کە چەندین شیعری نووسیوە و بڵاویکردووەتەوە و خاوەنی دیوان و نامیلکەی شیعرییە، بەشێك لە بەرهەمەکانی لە لایەن هونەرمەندانەوە کراون بە گۆرانی.