توێژینەوەیەکی ئەمەریکی نوێ ئاشکرایکردووە، ئەگەر هاوسەران
لە ماوەی مانگێکدا پێنج فیلمی رۆمانسی سەیربکەن، ئاستی جیابوونەوە بۆ نیو ئەوەندە کەمدەبێتەوە.
لە وردەکاریی توێژینەوەکەدا کە ماڵپەڕی لوبنان ٢٤ ئاماژەی
پێکردووە و لە زانکۆی رۆچستەری ئەمەریکی ئەنجامدراوە دەریخستووە، ئەو فیلمانەی باسی
پەیوەندی خۆشەویستی و ژیانی هاوسەریی دەکەن، دەکرێت بکرێن بە مەڵبەندی وەرگرتنی
زانیاری لەبارەی شێوازی رەفتاری دروست، هاوژیانی هاوسەران بەیەکەوە، ئەمەش بەچاوپۆشی
لەو کێشە و گرفت و نەهامەتییانەی لە ژیانیاندا هەیە.
هەروەها ئەم رێگەیە بە شێوازێکی زانستی دادەندرێت بۆ
دروستکردنی گۆڕانکاریی بنچینەیی لە رەفتارەکانیاندا لە ناوەوە و دەرەوەی ماڵەکەیاندا.
رۆناڵد رۆج رێکخەری توێژینەوەکە دەڵێت، کات بەسەربردن لەگەڵ
هاوبەشی ژیاندا لەکاتی سەیرکردنی فیلمێك پەیوەندییەکی بەتین دروستدەکات لەنێوان ئەو
ژن و پیاوەدا، هەروەها وادەکات زیاتر نزیكبن لەیەکەوە لە رووی دەروونی و سۆزدارییەوە،
جگە لەوەش وادەکات بەدرێژایی کات زیاتر پەیوەستبن بەیەکەوە.
هەروەها توێژینەوەکە ئەوەی ئاشکراکردووە، سەیرکردنی فیلمێکی
رۆمانسی لێکتێگەیشتن و پەیوەندی نێوان ئەو دوو هاوسەرە زیاتر دەکات کە هەوڵدەدەن
لاسایی کەسایەتییەکانی ناو فیلمەکان بکەنەوە کە بەشێوەیەکی ئەرێنی رەفتار لەگەڵ یەکدا
دەکەن، هەروەها وادەکات ئەو دوو هاوسەرە گفتوگۆ و وتوێژ بکەن لەبارەی فیلمەکەوە ئەمەش
وادەکات پەیوەندییان بەیەکەوە پتەوتر بێت.