نهێنی مانەوەی قژی شاژنە تی ئاشکرا کرا

PM:08:07:22/10/2021

39288 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەری پاراستنی مۆمیاکانی مۆزەخانەی نێودەوڵەتی شارستانی میسری، نهێنی مانەوەی قژی شاژنە تی ئاشکرا کردووە کە چۆن ئەو ماوە زۆر بەبێ خراپبوون و تێکچوونی ماوەتەوە.

لەدوای شیکاریی و لێکۆڵینەوەی زانستیی لە لاشەی تی، دەرکەتووە هۆکاری مانەوەی قژی شاژن بۆ بەکارهێنانی زەیتە ڕووەکییەکان دەگەڕێتەوە، ئەو شاژنە بۆ پاراستنی قژی زەیتی سروشتیی ڕووەکی بەکارهێناوە.

ماڵپەڕی قاهیرە ٢٤ لێدوانی مستەفا ئیسماعیل بەڕێوبەری پاراستنی مۆمیاکراوانی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، شاژنە تی چەندین زەیتی دروستکراوی سروشتیی لە ١٣ ڕووەکی جیاواز تێکەڵ کردووە و بۆ قژی بەکارهێناوە، هەر ئەمەش وایکردووە سەدان ساڵە قژەکەی شیی نەبێتەوە و وەک خۆی بمێنێتەوە.

ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکردووە، قژی شاژن لە سەرەتادا تاڵەکانی ناوەوەی خراپ دەردەکەوتن و ئاڵۆزکاوبوون، هۆکارەکەشی بەهۆی تواندنەوەی خوێ و شێی ناو تابوتەکە بووە، بەڵام دوای ئەوەی قژی شۆراوە ڕەنگی قژەکە گۆڕاوە، ئەو خوێیەی فیرعەونە کۆنەکان بۆ مۆمیاکردن بەکاریانهێناوە تواوەتەوە و ڕەنگی قژەکەی گۆڕیوە، لە سەردەمی فیرعەونی کۆندا بڕوایان وابووە ئەو کەسەی دەمرێت لە دنیاکەی تردا دووبارە دەژی، هەر بۆیە زەیتیان لە قژی مردووەکە و جەستەی دەدا، ئەمەش بۆ ئەوەی بە جوانی بمێنێتەوە.