باخەوانێک درێژترین بیبەری توونی لە جیهاندا بەرهەمهێنا

PM:12:25:29/08/2026

1560 جار خوێندراوەتەوە

باخەوانێکی سویسری بەرهەمی بیبەرە توونەکانی کۆکردەوە کە درێژییەکەی دەگاتە ١ پێ و ٨.٦ ئینچ،بەمەش بۆ سێیەم جار ڕیکۆردێکی جیهانیی لە کتێبی گینسدا شکاند.

یۆرگ ویسلی یەکەم ڕیکۆردی جیهانیی خۆی لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا تۆمارکرد، کاتێک درێژیی بیبەرەکەی گەیشتە ١ پێ و ٥.٧ ئینچ لە پێشبڕکێیەکی سەوزەدا لە جۆنای سانت گالن.

ساڵی دواتر، ویسلی ڕیکۆردەکەی خۆی شکاندەوە بە بیبەرێک کە درێژییەکەی ١ پێ و ٧.٩ ئینچ بوو. لە ١١ی ئابدا، بۆ جارێکی تر ڕیکۆردی بەدەستهێنایەوە کاتێک پێوانەی دوایین بیبەری کرا و گەیشتە ١ پێ و ٨.٦ ئینچ.

ئەو باخەوانە ئاماژەی بە ڕێگەی بەرهەمهێنانەکەی کرد و گوتی "لە مانگی ئازاردا و لەناو ماڵەوە دەست بە ڕواندنی تۆوەکان دەکەم لەژێر ڕووناکی تایبەت و پلەی گەرمیی ٢٨ پلەی سەدیدا. پاشان لە کۆتایی نیساندا و دوای نەمانی مەترسی شەختە، دەیانگوێزمەوە بۆ باخچەکە. لە دوای ئەوەش پێویستی بە ئاودانی بەردەوام و پەیندانی هاوسەنگ هەیە، بەڵام نەک بە زێدەڕۆیی، چونکە بە پێچەوانەوە لەجێی بیبەر، گەڵای زۆر دەردەکات."