سەنتەری موزیکی ئازاد هەورامی کلیپی "ڕێی خەبات" بەرهەم دەهێنێت

PM:02:45:27/08/2026

1872 جار خوێندراوەتەوە

سەنتەری موزیکی ئازاد هەورامی لە شاری کەرکووک، بە مەبەستی پشتگیریکردن و پەرەپێدانی هونەر و مۆسیقای کوردی، کلیپێکی نوێ بۆ سروودی "ڕێی خەبات" بەرهەم دەهێنێت.

سەنتەری موزیکی ئازاد هەورامی لە ساڵی ٢٠٠٩ لەسەر دەستی بەڕێز شەنۆ شاسواری، هاوسەری شەهیدی سەرکردە ئازاد هەورامی، دامەزراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوامە لە خزمەتکردن بە هونەر و پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێی موزیکزان.

هونەرمەند ڕزگار حەمەڕەئوف، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، ڕایگەیاند کە سەنتەرەکەیان بە درێژایی ساڵ خولەکانی موزیک بە شێوەیەکی بەردەوام بەڕێوەدەبات، و ئەوەی سەنتەرەکە لە زۆر سەنتەری تری جیا دەکاتەوە، بەردەوامی خولەکانە بۆ فێربوونی ژمارەیەکی جۆراوجۆر لە ئامێرە موزیکییەکان، لەوانە: کەمانچە، گیتار، پیانۆ، ساز، عود، دەف و شمشاڵ.

بەپێی وتەکانی بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە فێرخوازان بە شێوەیەکی ئەکادیمی وانەی موزیک لەم سەنتەرە وەردەگرن. هەروەها سەنتەرەکە توانیویەتی چەندین فێرخواز پێ بگەیەنێت کە زۆربەیان لە ئێستادا وەک ژەنیاری ناسراو لە شاری کەرکووک و هەرێمی کوردستان چالاکن.

لە هەمان کاتدا، سەنتەری موزیکی ئازاد هەورامی توانیویەتی ستۆدیۆیەکی تایبەتی تۆمارکردنی دەنگ دروست بکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانێت بەرهەمە هونەری و موزیکییەکانی خۆی لەوێ تۆمار و بەرهەم بهێنێت.

سەنتەرەکە سوپاسی تایبەتی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە لە بەرهەمهێنانی ئەم کلیپەدا بەشدارییان کردووە، بە تایبەتی:

کامیرا: یوسف ئیبراهیم، زیرەک عومەر

مۆنتاژ: یوسف ئیبراهیم

دەرهێنان: ئاسۆ حوسێن

هەروەها سەنتەری موزیکی ئازاد هەورامی سوپاسی تایبەتی خۆی بۆ بەڕێز کاک ڕێبین مامۆستا محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکووک، دەربڕی کە بە دڵفراوانی هۆڵەکەی بۆ بەرهەمهێنانی ئەم پرۆژەیە تەرخان کردووە.

بەرهەمهێنەرانی ئەم پرۆژەیە لە کۆتاییدا سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەن کە بە ماندووبوون و هاوکاری، بەشدارییان لە بەرهەمهێنانی کلیپی "ڕێی خەبات" کردووە و هەنگاوێکی تریش بەرەو پەرەپێدانی هونەر و مۆسیقای کوردی هەڵدەگرن.