ئەوانەی بەکارهێنەری ئینستاگرامن پێویستە ئەم هەواڵە بخوێننەوە

PM:06:24:16/10/2021

13112 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستگرام بەتەنها شوێنێک نییە بۆ بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لەنێوان هاوڕێکاندا، بەڵکو شوێنێکیشە بۆ خۆدەرخستن و خۆ بەراوردکردن و هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کەسانی دیکە بەڵام بە هۆکاریک دادەنرێت بۆ دروستبوونی کێشە دەروونیەکان کە هەندێک جار دەگاتە خۆکوژی.

ماڵپەڕی سکای نیوز لە هەواڵێکدا باسی لەوەکردووە کە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام زیاتر لەلایەن هەرزەکار و گەنجانەوە بەکاردەهێندرێن و زۆرترین بەکارهێنەرانی تۆڕەکە، هەوڵدەدەن تەنها کاتە خۆش و جوانەکانیان نیشان بدەن و کێشە و سەختییەکانیان بشارنەوە، وەک نیشاندانی وێنەی چوونە کەناردەریا، و چوونە ڕێستۆرانە بەناوبانگ و ناسراوەکان و شوێنە گەشتیارییەکان و جەستەی ڕێک و جلوبەرگی گرانبەها کە کاریگەریی دەبێت لەسەر دروستکردنی هەستی نەرێنی و هەستکردن بە کەمی لەلای ئەو کەسانەی ئەم شتانە دەبینن و بەراوردی خۆیان دەکەن پێیان.

دەروونناسیی ئیکلینیکی بەناوی ئەندریێ ئان لیگاری لە زانکۆی شیربۆرگی کەنەدی باسی لەوەکردووە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لەنێوان زۆر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کێشە دەروونییەکان و خەمۆکی، هۆکارێکیشە بۆ لەخود ڕازینەبوون و بەدڵ نەبوونی جەستە و ڕوخسار لای کەسەکە.

ئەو پسپۆڕە ئەوەش دەڵێت کە ئینستاگرام وادەکات هەرزەکاران نەتوانن ڕازی بن لەو جەستە و ڕووخسارەی خۆیان و بەردەوام بەراوردی بکەن بەو وێنە و ڤیدیۆ دەستکاریکراوانەی لەناو ئەو تۆڕەدا بڵاودەکرێنەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان، ئەکتەر و کەسایەتییە بەناوبانگەکان و ئەو کەسانەی خاوەنی ژمارەیەکەی زۆر فۆڵۆوەرن چەندین جۆر فلتەر و جوانکاری و شتی دیکە ئەنجامدەدەن بۆ ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە ئینستگرام بڵاویدەکەنەوە، ئەمەش وا لە هەرزەکاران دەکات ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کاریگەریی نەرێنی ببنەوە لەکاتێکدا بەراوردی خۆیان بەو وێنە و ڤیدیۆ ساختانە دەکەن.