پێکهاتەیەکی زەبەلاح دەوری تەواوی کۆمەڵە گەلەئەستێرەکانی
داوە کە ملیارەها ساڵی ڕووناکی لە زەوییەوە دوورە، ئەم دۆزینەوەیەش تێگەیشتنی
زانایان لە ماددەکانی گەردوون فراوان دەکات.
ئەنجامی کارەکانی زانایانی سەنتەری هارڤارد-سمیسۆنی
بۆ فیزیای فەلەکناسی لە ٢٤٦ەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی فەلەکی ئەمریکی لە ویلایەتی ئەلاسکا
پێشکەشکرا.
زاناکان لێکۆڵینەوەیان لە کۆمەڵە گەلەئەستێرەی PLCK G287.0+32.9 کردووە، کە نزیکەی پێنج
ملیار ساڵی ڕووناکی لە زەویەوە دوورە و سەرنجی فەلەکناسەکانی راکێشاوە، تیری ئەم هەورە
نزیکەی ٢٠ ملیۆن ساڵی ڕووناکییە، بەمەش بە گەورەترین هەور ناسراوە.
توێژەران لە ناوەندی ئەو پۆلەدا هەورێکی کاڵیان
دۆزیەوە کە شەپۆلی ڕادیۆیی دەردەدات، کە درێژییەکەی زیاتر لە ١١ ملیۆن ساڵی ڕووناکی
دەبێت، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، دەتوانرێت لە فرێکوێنسی ٢.٤ گێگاهێرتزدا ببینرێت،
کە بەزۆری ئەم جۆرە پێکهاتانە بەدی ناکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی تیشکی گەردوونی
یان تەنۆلکە بارگاوییەکان و کێڵگە موگناتیسیەکان لە دوورییەکی زۆر لە ناوەندی پۆلەکەوە.
بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئەلکترۆنەکانی بەرهەمهێنەری
ئەم تیشکدانەوە چۆن وزە بەدەست دەهێنن، چونکە ئەم تەنۆلکانە بەزۆری وردە وردە بارگەی
خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵام لەم حاڵەتەدا بە وزەوە دەمێننەوە، توێژەران پێیان وایە
هۆکارەکەی دەکرێت جوڵەی پشێوی گازی گەرمی نێوان گەلەئەستێرەکان بێت، بەڵام بۆ پشتڕاستکردنەوەی
ئەمە دەبێت مۆدێلی تیۆری نوێ پەرەپێبدرێت.
بە گوتەی توێژەران ئەم دۆزینەوە تێگەیشتنمان لە
ڕادە و سەرچاوەکانی وزەی گەردوونی دەگۆڕێت و پرسیار لەسەر ڕۆڵی کونە ڕەشە سەروو گەورەکان
لە پەرەسەندنی گەلەئەستێرەکاندا دروست دەکات، ئاماژەشیان بەوە کردووە کە پێویستیان
بە لێکۆڵینەوەی زیاترە.