تێلیگرام ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکات و لە وەتسئەپ نزیک دەبێتەوە

PM:06:18:17/04/2024

672 جار خوێندراوەتەوە

پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەری ئەپی نامە ناردنی تێلیگرام رایگەیاند، ژمارەی بەکارهێنەرانی تێلیگرام یەک ملیار بەکارهێنەری چالاکی مانگانە تێپەڕ دەکات.

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" ، دورۆڤ باسی لەوە کرد کە ئەپڵیکەیشنی تێلیگرام پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە تا ببێتە یەکێک لە بەناوبانگترین ئەپڵیکەیشنەکانی پەیوەندیی لە جیهاندا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەپەکە کە ئێستا ٩٠٠ ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە، ئامانجی ئەوەیە کە وەک پلاتفۆرمێکی بێلایەن بمێنێتەوە کە ناوەڕۆکەکەی ناتوانرێت دەستکاری بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەرنامەی وەتسئەپی کۆمپانیای مێتا یەکێکە لە رکابەرە سەرەکییەکانی تێلیگرام، مانگانە زیاتر لە دوو ملیار بەکارهێنەری چالاکی هەیە، لە ئێستاشدا تێلیگرام لەو ژمارەیە نزیک دەبێتەوە و رکابەرییەکەیان قوڵتر دەبێتەوە.