چۆن وادەکەیت منداڵی یەکەمت غیرە لە منداڵە تازە لەدایکبووەکەتان نەکات؟

AM:11:23:06/02/2024

2904 جار خوێندراوەتەوە

منداڵەکان لە هەستی هاوبەشی کردن تێناگەن تا دەگەنە نزیک تەمەنی چوار ساڵان، جا رەنگە هاوبەشی کردن لە یارییەکاندا تا راددەیەک لایان ئاسانتر بێت، بەس کاتێک بابەتەکە دێتە سەر هاوبەشی کردنی دایک و باوکیان لەگەڵ منداڵێکی تر کەمێک بارودۆخەکە ئاڵۆز دەبێت.

بابەتێکی ماڵپەڕی " Brightside" باس لەوە دەکات کە ئەم دۆخە زۆرکات سەخت ترە لە نێوان منداڵی یەکەم و دووهەمدا چونکە منداڵی یەکەم پێی وایە کە دەبێت دایک و باوکی تەنها دایک وباوکی ئەو بن، هەر بۆیە چەند رێگەیەکی باس کردووە بۆ ئەوەی بتوانیت منداڵی یەکەمت بگونجێنیت لەگەڵ منداڵە تازە لەدایکبووەکاندا، ئەوانیش:

١.پێش لە دایکبوونی ئەندامە نوێیەکی خێزان، بۆ منداڵی یەکەمتی باس بکە بەشێوەیەک کە هەست بکات هاوڕێیەکی نوێی دێتە دنیاوە و وەک خۆی شتەکانی بۆ باسبکە کە دەخەوێت و دەگری زۆرینەی کاتەکانی سەرەتا، بۆئەوەی وا هەست نەکات بووکەڵەیەکی یاریکردنی بۆ ئەهێنن و دەتوانێت هەمیشە یاری لەگەڵ بکات.

٢.هەموو شتێک کە منداڵی یەکەمت داوای دەکات بیکەن و جێبەجێی بکەن بۆی وەک چونە دەرەوە و گەشتکردن یاخود چوون بۆ باخچەیەک، ئەگەر نەتتوانی بیکەیت مەیخەرە ملی منداڵە تازە لەدایکبووکە، بۆ ئەوەی رقی لێ هەڵنەگرێت.

٣.ئاگاداری هەستی منداڵە گەورەکەت بە، کاتێک هەست ئەکەیت بێتاقەتە یاخود توورەیە فەرامۆشی مەکە و هەوڵبدە لێی تێبگەیت.

٤.هەرکاتێک شتێکت بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکە کڕی پێویستە دیارییەکیش پێشکەش بە گەورەکە بکەیت، بۆ ئەوەی هەست بەوە نەکات کە یەکێک بە سەریدا هاتووە و بەشێوەیەکی باشتر مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

٥.ئەو کاتانەی لەگەڵ منداڵە تازە لەدایکبووەکە کات بەسەر دەبەیت هەمیشە با منداڵەکەی تریش بەشداربێت تاکو هەست بەوە بکات کە خێزانەکە گەورەتربووە هەمووتان پیکەوە چێژ لە کاتەکانتان وەردەگرن.

S.A